راچڵەكین-
وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم دەڵێت، تەنیا دوو رۆژ ماوە لەبەردەم ئەو كەسانەی دەیانەوێت فۆرمی ئەلیكترۆنیی حەج پڕبكەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی ئەیلولی 2025 كاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند:" زیاتر لە ٧٠ هەزار كەس لە رێگەی فۆرمی ئەلیكترۆنییەوە داوایان كردووە ساڵی داهاتوو بچنە حەج."
وتیشی:" هیچ بڕیارێكیان نەداوە بۆ درێژكردنەوەی كاتی ناو تۆماركردن، بەڵام تا ئێستا دوایین وادە ٢٠ـی ئەم مانگەیە."
وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم روونیكردەوە:" ئەو كەسانەی دەیانەوێت ناوی كەسێكی دیكە لە فۆرمەكەیان بۆ چوونە حەج زیاد بكەن، یان هەڵەیەكیان كردووە و دەیانەوێت چاكی بكەن، دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی یان نووسینگەكانی حەج و عومرەی ناوچەكەیان بكەن.