محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق
راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕەزامەندی لەسەر دەستپێكردنی كاركردن بە واژۆی ئەلیكترۆنی لە دامودەزگاكانی دەوڵەت، كەرتی تایبەت و هاووڵاتیان دەربڕی، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنی و مامەڵەی ئەلیكترۆنی ژمارە 78ی ساڵی 2012 و ئەو رێنماییانەی كە بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی 2025دا دەرچووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سودانی رایگەیاندووە، ئەم ڕێوشوێنە نوێنەرایەتی هەنگاوێكی گرنگ دەكات لە جێبەجێكردنی یەكێك لە گرنگترین پابەندییەكانی حكومەت كە لە بەرنامە حكومییەكەیدا هاتووە بۆ گۆڕینی دیجیتاڵی و سادەكردنەوەی ڕێكارەكان، بەو پێیەی كاریگەرییەكی بەرچاوی هەیە لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی گەندەڵی كارگێڕی و دارایی و ئەو رۆتینانەی لە مامەڵەی كاغەزیدا هەیە.
سودانی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم ڕێوشوێنە كە لەسەر ئاستی جیهانیدا دانی پێدانراوە، متمانەی هاووڵاتیان بە رێكارەكانی دەوڵەت و دامەزراوەكانی پتەوتر دەكات لە گرتنەبەری ئەم جۆرە مامەڵە دیجیتاڵییە، كە هەموو مامەڵەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت دەگرێتەوە.