راچڵەكین-
ناوەندی جیهانی خۆراك كە سەر بە ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە هاوكاریكردنی منداڵان " یونسێف"ە، زانیاری نوی لەبارەی دۆخی برسێتی هاوڵاتیان لە غەززە بڵاوكردووەتەوەو دەڵێت:"ئەو پێوەرانەی بۆ ڕاگەیاندنی دۆخی برسێتی لە غەززە بەكارهاتوون، هەرگیز نەگەیشتوونەتە ئاستی پێویست."
مانگی ئابی ئەمساڵ دەزگای پۆلێنكردنی قۆناغەكانی ئاسایشی خۆراك (IPC) كە پەیوەستە بە نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕایگەیاند لەبەشێك لە غەززەدا برسێتی بوونی هەیە. لەبەرامبەردا ڕەخنەگران دەڵێن بەڵگەی سەرەكیی برسێتی، كە بوونی ژمارەیەكی زۆری تەرمی لاواز و مردوو بەهۆی بەدخۆراكییەوەیە، لە غەززەدا بوونی نەبووە.
دەزگای IPC پشتی بە پێوانەیەكی سەرەكی بەستبوو كە پێی دەوترێت "پێوانەی بازنەی ناوەڕاستی باسك" (MUAC)، كە بۆ دیاریكردنی ڕێژەی بەدخۆراكی لە منداڵاندا بەكاردێت. بەپێی ستانداردەكانی IPC، ئەگەر ڕێژەی %15ی منداڵان نیشانەكانی بەدخۆراكییان تێدا دەركەوت، ئەوا ئاماژەیە بۆ بوونی برسێتی.
بەپێی داتا نوێیە ڕاستكراوەكە، ڕێژەی بەدخۆراكی لە ناوچەی غەززە لە نیوەی دووەمی مانگی تەمموزدا نزیكەی %14.8 بووە، كە لە خوار ئاستی %15ی پێویستەوەیە بۆ ڕاگەیاندنی برسێتی.
لەگەڵ ئەوەشدا، داتاكانی حەماس و نەتەوە یەكگرتووەكان دەریانخستووە كە لە ماوەی ڕاگەیاندنی برسێتییەكەوە تا كاتی ئاگربەست، تەنها ١٩٢ حاڵەتی مردنی پەیوەست بە بەدخۆراكی تۆماركراوە، كە دەكاتە تەنها %2ی كۆی ژمارە پێشبینیكراوەكە.