راچڵەكین -
حكومەتی توركیا بەنیازە قەبارەی ئاڵۆڕی بازرگانیی لەگەڵ عیراق بۆ دوو هێندەی قەبارەی ئێستا بەرزبكاتەوە، وەزیری بازرگانیی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: پەیوەندییە ئابوورییەكانمان لەگەڵ بەغداد بەشێوەیەكی خێرا روو لە گەشەسەندن دەكات.
عومەر بولات، وەزیری بازرگانیی توركیا لە لێدوانێكدا ئامانجی سەردانەكەی دوێنێی بۆ عیراق ئاشكراكرد و رایگەیاند: لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عیراق جەختمان كردەوە لەسەر پەرەپێدانی پەویەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات و بەرزكردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان بۆ دوو هێندەی ئێستا.
وەزیری بازرگانیی توركیا ئاماژەی بەوەشكرد، پلانمان داناوە لەمەودایەكی كورتدا قەبارەی بازرگانیی نێوان عیراق و توركیا بۆ 20 ملیار دۆلار بەرزبكەینەوە، لە مەودای دووریشدا ئاستی قەبارەكە بگەیەنینە سەروو 30 ملیار دۆلار.
بەپێی داتاكانی ژووری بازرگانیی ئەنكەرەی پایتەحتی توركیا، ساڵی 2024 كۆی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان عیراق و توركیا زیاتر لە 15 ملیار دۆلار بووە، كە بەشی زۆری بریتیی بووە لە هەناردەكردنی كاڵای جۆراوجۆری توركیا بۆ عیراق.