راچڵەكین -
ئیدارەی ئەمریكا نامەیەك ئاڕاستەی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات و تێیدا خواستی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران نیشاندەدات.
ماڵپەڕی بغداد الیوم، لەزاری چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسیی ئێرانەوە بڵاویكردەوە، ئەمریكا لەڕێگەی سوڵتاننشینی عومان-ەوە نامەیەكی بۆ دەسەڵاتدارنی ئێران ناردووە بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی تایبەت بە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی، كە ماوەی چەند مانگێكە راگیراوە.
بەگوێرەی ناوەڕۆكی نامەكەی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ خواستی هەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێران و چارەسەركردنی كۆتایی پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران.
هەرچەندە تائێستا نە ئەمریكا و نە ئێرانیش بە فەرمی زانیارییەكیان لەبارەی نامەكەی ئەمریكاوە بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام مەجید تخت روانجی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و گەورە دانوستانكاری ئەو وڵاتە، دوای سەردانێكی بۆ مەسقەت-ی پایتەختی عومان، رایگەیاند: كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدارم لەگەڵ بەرپرسانی عومان ئەنجامدا، كە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكە بوو.
روانجی جەختی لەوەكردەوە كە كۆماری ئیسلامی لەگەڵ دانوستانی راستەقینەیە بۆ چارەسەركردنی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی، وتی:" بەڵام دانوستانێك كە پێشوەختە ئەنجامەكەی دیاریكرابێت، هیچ بایەخێكی نییە و دانوستانی لەو جۆرە ناكەین".