عیراق هۆشداریی لە دابەشبوونی وڵاتێكی عەرەبی دەدات

عێراق

1 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 534

راچڵەكین -

وەزارەتی دەرەوەی عیراق سەركۆنەی كۆمەڵكوژییەكانی شاری فاشر لە باشووری رۆژئاوای سودان دەكات و هۆشداریش دەدات لەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ دابەشكردن و سەپاندنی دیفاكتۆیەكی نوێ لەو وڵاتەدا.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردووەتەوە، بەناوی كۆماری عیراقەوە بەتوندی سەركۆنەی ئەو كۆمەڵكوژییەی كردووە كە هێزەكانی پاڵپشتی خێرا لەكاتی كۆنترۆڵكردنی شاری فاشر-ی سودان دژ بە دانیشتووانەكەی ئەنجامیانداوەو بەپێی ئامارەكان زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتی مەدەنی كۆمەڵكوژ كوراون.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق هەڵوێستی خۆی بەرامبەر دۆخی ناوخۆی سودان دەربڕیوە كە دژی هەر هەوڵێكە بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە و دەستدرێژیكردنە سەر سەروەرییەكەی، هاوكات هۆشداریشداوە لە مەترسییەكانی كاركردن بۆ سەپاندنی دیفاكتۆیەكی نوێ لە سودان كە ئامانج لێی دابەشكردنی وڵاتەكەیە.

لە راگەیەندراوەكەدا داواكراوە رێگەی وتووێژ بگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی سودان و كۆتایی هێنان بەو ناسەقامگیرییە ئەمنییەی كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە بەرۆكی وڵاتەكەی گرتووە.

لەچەند رۆژی رابردوودا دوای ئەوەی هێزەكانی پاڵپشتی خێرا توانییان شاری فاشر لە باشووری رۆژئاوای سودان كۆنترۆڵ بكەن و هێزەكانی سوپای سودانیش لە شارەكە دەربكەن، هەڵمەتێكی فراوانی كۆمەڵكوژی لەدژی دانیشتووانی شارەكە دەستی پێكرد و بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدۆییانەی بڵاوكراونەتەوە، هاووڵاتیانی شارەكە بەكۆمەڵك كۆدەكرێنەوەو گوللەباران دەكرێن، بەپێی ئامارە نافەرلامییەكان زیاتر لە سێ هەزار كەس لە شاری فاشر لەسەر دەستی چەكدارانی هێزەكانی پاڵپشتی خێرا كوژراون، وەك كاردانەوەیەكیش بەرامبەر كۆمەڵكوژییەكە، حكومەتی سودان بە فەرمی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ ئیمارات پچڕاند و وەك دەوڵەتێكی دوژمنكاریش ناساندی، بە تۆمەتی ئەوەی وڵاتەكە هاوكاری هێزەكانی پاڵپشتی خێرا دەكات و دەستی هەیە لەو تاوان و كۆمەڵكوژییانەی لە وڵاتەكەیاندا روودەدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن