راچڵەكین -
لیژنە هاوبەشەكای قایمقامیەتی هەڵەبجە لەماوەی سێ رۆژی فێستیڤاڵی هەنار و پاییز، دەستبەسەر سەدان كیلۆگرام خۆراكی ماوەبەسەرچوودا دەگرن و ژمارەیەك خاوەن كەپریش سزا دەدەن.
ئەمڕۆ شەممە 1-11-2025، قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە، ئاماری كۆتایی چالاكییەكانی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی لەماوەی رۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنار و پاییز-ی بڵاوكردەوە.
بەگوێرەی ئامارەكە، لەماوەی سێ رۆژی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەكەدا، سزای پێبژاردن بۆ 20 خاوەن كەپر كراوە بەهۆی پابەندنەبوونیان بە ڕێنماییەكانەوە، هەروەها دەستبەسەر 637 كیلۆگرام خۆراكی نەشیاودا گیرا، كە بریتی بوون لە 300 كیلۆگرام بێ مۆر، كە شیاوی خواردن نەبوو، 90 كیلۆگرام گۆشتی مریشكی نەشیاو، 95 كیلۆگرام كەرەی ئێرانی، 20 كیلۆگرام چەرەساتی جۆراوجۆر، لەگەڵ دەیان كیلۆگرام كەرەستەی دیكەی نەشیاوی چێشتخانە.
ئەمڕۆ كۆتایی بە فێستیڤاڵی هەنار و پاییز-ی هەڵەبجە هات، كە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، بەپێی ئامارەكانی پارێزگای هەڵەبجە، كۆی فرۆشی فێستیڤاڵەكە ملیارێك و 700 ملیۆن دینار بوو.