ڕاچڵەکین سپۆرت -
کێشەیەکی نوێ لە نێوان یانەی بەرشەلۆنە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا سەریهەڵدا، دوای ئەوەی لامین یامال ئەستێرەی لاو لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەرامبەر جۆرجیا و تورکیا دوورخرایەوە، ئەمەش دوای ڕێکارێکی پزیشکی هات کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی ستافی پزیشکی هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەنجامدراوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە یامال لە پێکهاتەکە کشایەوە "لەپێناو سەلامەتی خۆی"، بەڵام لە هەمانکاتدا ناڕەزایی توندی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو کارەی یانەی بەرشەلۆنە کە ڕێگەی بە یاریزانەکە داوە ڕێکارێک ئەنجام بدات کە بە ڕادیۆفرێکوێنسی لابردن ناسراوە بۆ چارەسەرکردنی ئازاری بڕبڕەی پشت بەبێ ئەوەی فیدراسیۆنەکە ئاگادار بکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا سەرلەبەیانی دووشەممە، یەکەم ڕۆژی کەمپی مەشقەکان، سەریان سوڕما، کاتێک زانیان ئەو یاریزانە هەمان ڕۆژ نەشتەرگەری پزیشکی ئەنجامداوە، بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی پێشوەختە لەگەڵ ئێمەدا هەبێت. تەنها لە درەنگانی شەودا ڕاپۆرتێکی پزیشکیمان لە یانەکەوە پێگەیشت، کە پێشنیاری ماوەی پشوودانی 7 بۆ 10 ڕۆژ دەکات".
لە ئەنجامدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیاریدا ئەو یاریزانە لە کەمپی مەشقەکانی ئێستا دووربخاتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بڕیارەکە بۆ پاراستنی تەندروستی یاریزانەکە و دڵنیابوون لە چاکبوونەوەی تەواوەتی دراوە، هاوکات هیوای گەڕانەوەی خێرای بۆ ناو یاریگا خواست.
ئەم ڕووداوە گرژیی نێوان بەرشەلۆنە و فیدراسیۆنی ئیسپانیا زیاتر گەورەتر دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ناکۆکی بەردەوامی نێوان هەردوولا لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە، کاتێک هانسی فلیکی ڕاهێنەری یانەی بەرشەلۆنە، لویس دی لا فونتێی ڕاهێنەری ئیسپانیای تۆمەتبار کرد بەوەی کە یەمال بە شێوەیەکی گونجاو لە ڕووی جەستەییەوە ناپارێزێت.
لەناو هەڵبژاردەی ئیسپانیا سەرسوڕمانی بەرفراوان لە کردەوەکانی بەرشەلۆنەدا هەیە، بەتایبەتی کە یاریزانەکە لە ڕووی جەستەییەوە تەندروست بووە و بەم دواییە بەبێ هیچ کێشەیەک بۆ یانەکەی یاریی کردووە پێش ئەوەی ئەم ڕێکارە پزیشکییەی بۆ ئەنجام بدرێت کە وایکردووە نەتوانێت یاری بکات.