راچڵەكین-
چەند سەرچاوەیەكی نزیك لەهاوپەیمانێتییەكەی محممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بە فرانس پرێس-یان راگەیاندووە، لیستەكەی " سەركەوتنی گەورە"ی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا.
بەرپرسێكی نزیك لە سودانی ئاماژەی بەوەكردووە:" هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان، سەركەوتنی زۆر گەورەی بەدەستهێناوە" هاوكات دوو سەرچاوەی تر جەختیان لەوەكردووە، هاوپەیمانێتییەكە "گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی" مسۆگەر كردووە كە زیاترە لە 50 كورسی.
محەمەد شیاع سودانی ساڵی 2022 دوای چەقبەستوویی لەپێكهێنانی كابینەی حكومەتی عیراق، بەهۆی ناكۆكی سیاسی نێوان رەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی، پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی لەئەستۆ گرت.
هەرچەندە محەمەد شیاع سودانی، بە لیستێكی جیا بەشداری هەڵبژاردنی كردووە، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت لایەنە سیاسییە شیعییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن كەلەژێر چەتری " چوارچێوەی هەماهەنگی"دان، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دروست بكەن و حكومەتی نوێی عیراق پێكبهێنن.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران رێژەی 55%ی تێپەڕاندووە، ئەمەش رێژەیەكی بەرزە، بە لەبەرچاوگرتنی بایكۆتكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن موقتەدا سەدرو، هەستیاری بارودۆخەكە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەی عیراق.