ڕاچڵەکین سپۆرت -
پێدەچێت لۆکا مۆدریچ ئەستێرەی کرواتی پێویستی بە کاتێکی زۆر نەبووبێت بۆ ئەوەی هاندەران و ئیدارەی میلان بەدەستبهێنێت، لە دوای هاتنی بۆ ئیتاڵیا لەم وەرزەدا ئاستێکی نایابی پێشکەش کردووە، ڕۆژنامە ناوخۆییەکان لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەسەر ئەگەری درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕۆسۆنێری بۆ ماوەی ساڵێکی تر.
ڕۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت بڵاویکردەوە، بەرپرسانی میلان سەرسامی خۆیان بۆ کاریگەری تەکنیکی و سەرکردایەتی مۆدریچ لە ژووری جلگۆڕین دەربڕیوە، هەروەها بیرۆکەی مانەوەی مۆدریچ بۆ وەرزێکی تر ئێستا بە جددی لەناو یانەکەدا بیری لێدەکرێتەوە، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە بەهاری داهاتوو بڕیاری فەرمی سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام ئاماژەکانی ئێستا ئاماژەن بۆ مانەوەی ئەستێرە کرواتییەکە تا ساڵی 2026.
خولی ئیتاڵیا هەمیشە بە توانای بەڕێوەبردنی کاروانی یاریزانە دێرینەکان بە شێوەیەکی زیرەک ناسراوە، ئەمەش وایکردووە ئەزموونی مۆدریچ لە ڕۆژی یەکەمەوە سەرکەوتوو بێت، ئەستێرەی کرواتیا خاوەنی لەشجوانییەکی ناوازەیە و توانایەکی سەرنجڕاکێشە بۆ خوێندنەوەی یارییەکان، کە بە تەواوی لەگەڵ شێوازی کلاسیکی تۆپی پێی ئیتاڵیدا دەگونجێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە تەمەن تەنها ژمارەیەکە، ڕۆژنامەکە نموونەی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەستێرەی پێشووی یانەکەی هێناوەتەوە، کە تا تەمەنی 42 ساڵی بەردەوام بوو لە میلان.
مۆدریچی تەمەن 40 ساڵ لەوەتەی پەیوەندی بە یانەی میلانەوە کردووە، نزیکەی هەزار خولەکی فەرمی ئەنجامداوە، نزیکەی هەموو یارییەک بە شێوەی سەرەکی یاریی کردووە جگە لە یەک یاری جامی ئیتاڵیا بەرامبەر لێچی لە 23ی ئەیلولدا، کە لەسەر کورسی یەدەگبوو، ئاستە بەردەوامەکانی وایکردووە کە بەشێکی پێویست بێت لە گرێبەستی دوو ساڵەی ماسیمیلیانۆ ئالێگری ڕاهێنەری نوێی یانەکە.
لە کاتێکدا دوا ئامانجی کەسیی مۆدریچ هێشتا بەشداریکردنە لە مۆندیالی 2026، بەڵام بەردەوامی درەوشاوەیی لەگەڵ میلان وای لێدەکات ببێتە ڕکابەرێکی بەهێز بۆ بەردەوامبوون لە ژیانی وەرزشی تا ئەو کاتە و ڕەنگە لەوەش زیاتر، چانسی گەیشتن بە کرواتیا بۆ مۆندیال بەهێز دەردەکەوێت، چونکە لە پاڵاوتنەکانی ئەوروپا پێشەنگی کۆمەڵەکەیە و دوو یاریشیان بەرامبەر دوورگەکانی فارۆ و مۆنتینیگرۆ هەیە کە دەتوانێت پاڵاوتنەکەی مسۆگەر بکات.
بەم ئاستە سەرسوڕهێنەرە، لۆکا مۆدریچ بەردەوامە لە نووسینی لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی ئەفسانەییەکەیدا، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەستێرە ڕاستەقینەکان هەرگیز پیر نابن و میلان لە کرواتیەکەدا جێنشینێکی تەواوەتی بەها مێژووییەکانی دۆزیوەتەوە، چ لەناو یاریگا و چ لە دەرەوەی یاریگا.