ڕاچڵەکین سپۆرت -
خوان گارسیا گۆڵپارێزی بارسێلۆنا، لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕادیۆی کەتەلۆنیا دووپاتیکردەوە کە دەزانێت چی چاوەڕێی دەکات کاتێک بۆ بارسا یاری دەکات بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆلی پێشووی لە دێربی کەتەلۆنیدا.
لە ئێستادا گارسیا بەهۆی پێکانەوە لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە، بەڵام نزیکە لە چاکبوونەوە و پێشبینی دەکرێت بگەڕێتەوە پێکهاتەی هانسی فلیک. پێشبینی دەکرێت لە پێکهاتەی سەرەکیدا بێت بەرامبەر هاوڕێکانی پێشووی لە یارییەکەدا کە لە یاریگای کۆرنیا ئەلبارت بەڕێوەدەچێت، کە یەکەم یاری تیپەکە دەبێت لە ساڵی نوێی 2026دا.
گارسیا کە بەم دواییە بەشداری مەشق و ڕاهێنانە کۆمەڵەکانی بەرشەلۆنەی کرد، وتی "بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بینینی هاوڕێکانی پێشووم دەکەم، دەزانم چی چاوەڕێم دەکات و ڕەنگە چی ڕووبدات، چیرۆکەکە جیاواز دەبێت، چونکە بە درێسێکی جیاوازەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئەوێ".
خوان ئاماژەی بەوەشکرد، وەک هەر یارییەکی تر دەچمە یاریگای ئیسپانیۆل، دەمەوێت باشترین یاری خۆم ئەنجامبدەم و یارمەتی تیپەکەم بدەم سەرکەوتن بەدەستبهێنم، پێشتر لۆگۆی ئیسپانیۆلم ماچکرد (کاتێک یارمەتی تیپەکەی پێشووی دا لە دابەزین دووربکەوێتەوە) چونکە بەدڵم هەستم پێکرد، ساڵانێکی زۆرم لە یانەکەدا بەسەربرد؛ تێکەڵەیەک لە ئازار و خۆشی هەبوو، بەڵام چیرۆکەکە لەو وەرزەدا ئاڵۆز بوو.
گۆڵپارێزەکەی بارسا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەوکات شتەکانمان بۆ خۆمان قورس کرد، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو شتێکمان ڕزگارکرد، ئەوەی کردم لەسەرخۆ بوو، سۆزێکی زۆرم بۆ ئیسپانیۆل هەیە، چوون بۆ بەرشەلۆنەش بە هیچ شێوەیەک دژایەتی ئەوە نییە، هەنگاوێک بوو بۆ پێشەوە و باشترین شت بوو بۆ ژیانی وەرزشیم.
خوان گارسیا لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە دەزانین خولەکە لەم وەرزەدا سەخت دەبێت، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوە، کاردەکەین بۆ ئەوەی هەموو یارییەک ببەینەوە بەبێ ئەوەی ڕێگە بدەین هیچ شتێک سەرقاڵمان بکات، هەروەها بڕیارمانداوە دۆخی ئێستا بگۆڕین.