دەرباز كۆسرەت رەسول پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 82

راچڵەكین -

دەرباز كۆسرەت رەسول، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پەیامێك بڵاوەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: سوپاسی یەك بەیەكی ئەوانە دەكەم كە دەنگیان پێداین، ئێوە هێزی خۆتان بە ئێمە بەخشی، ئێمەش بە هەستكردن بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە هێزی ئێوە دەبین لە بەغداد بۆ پارێزگاریكردن لە مافە دەستووری و یاساییەكانی سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی.

دەقی پەیامەكە:
 
هاووڵاتیانی خۆشەویست.. جەماوەری شاری هەولێری قەدرگران و مێوان دۆست

لەناخی دڵمەوە پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقتان لێدەكەم، كە دڵسۆزانەو لەخۆبردوانە دەنگی خۆتان بە لیست و كاندیدی دڵخوازی خۆتاندا، سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە سەركەوتنی دیموكراسییە لەپێناو ئازادی و پێكەوەژیان لە وڵاتەكەماندا.

سوپاسی یەك بەیەكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە نیشانیاندا گەلی كورد بە هەموو بیروڕا جیاوازەكان و ململانێ سیاسییەكانەوە ئاشتی كۆمەڵایەتی و یەكڕیزی لەبەرچاوەو رووی شارستانی و مەدەنیانەی خۆی نیشانی هەموو دونیادا.

سوپاسی هەموو ئەو دڵسۆزانە دەكەم كە لەخۆبردوانەو خۆنەویستانە كاریان كرد بۆ سەرخستنی لیستی ٢٢٢ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سوپاسی یەك بەیەكی ئەوانە دەكەم كە دەنگیان پێداین، ئێوە هێزی خۆتان بە ئێمە بەخشی، ئێمەش بە هەستكردن بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە هێزی ئێوە دەبین لە بەغداد بۆ پارێزگاریكردن لە مافە دەستووری و یاساییەكانی سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن