راچڵەكین -
سوپای رووسیا شارێكی باشووری رۆژهەڵاتی ئۆكراینا مووشەكباران دەكات و بەپیچی زانیارییە سەرەتاییەكان، هێرشەكە دەیان كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.
میدیاكانی ئۆكراینا بڵاویانكردەوە، شەوی رابردوو، سوپای رووسیا بە مووشەكی پێشكەوتوو، شاری دنیبرۆ-ی لە باشووری رۆژهەڵات بۆردومانكرد و بەهۆیەوە زیانێكی گەورەی گیانی و دارایی لێكەوتەوە.
فەرمانگەی فریاگوزاریی سەر بە حكومەتی ئۆكراینا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی هێرشەكە رووسیا، چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 40 كەسی دیكەش بریندار بوون، هاوكات زیانێكی گەورەش بەر ژێرخانی شارەكە كەوت و چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوونیش وێران بوون.
هاوكات لەگەڵ هێرشە مووشەكییەكەی سەر شاری دنیبرۆ، سوپای رووسیا بە درۆن هێرشی كردە سەر چەندین شاری دیكەی ئۆكراینا كە لە بەرەكانی جەنگەوە نزیكن، بەوتەی سەرچاوەیەكی ئۆكراینا، هێرشەكان وەك ئامادەكارییەك دێت بۆ هێرشی زەمینی سوپای رووسیا بە ئامانجی داگیركردنی ئەو شارەكانە، كە سەرجەمیان دەكەونە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی ئۆكراینا و لە بنەڕەتدا بەشی زۆری دانیشتووانی ئەو شارانە پێشتر ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی ئۆكراینا بوون.