راچڵەكین -
كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر، لە پەیامێكدا بۆ شۆفێرانی تانكەری وڵاتەكەی، داوایان لێدەكات لەكاتی دووچاربوونیان بە هەر كێشەو گرفتێك، پەیوەندی بە كونسوڵخانەوە بكەن.
كونسوڵخانەی كۆماری توركیا لە هەولێر، لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە، لەمدواییەدا، زانیاریمان گەیشتووەتە كە هەندێك لە شۆفێرانی بارهەڵگر و تەنكەرەكانی وڵاتەكەمان لە سنووری كاركردنی ئێمەدا، بەهۆی چەندین ڕووداوی جیاجیای سەرپێچییەوە، تووشی كێشە بوونەتەوە.
لە پەیامەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لەكاتی بەدەستگەیشتنی ئەو زانیارییانە، دەستبەجێ پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەكەین و دڵنیادەبینەوە لەوەی كە هەموو ڕێكارێكی پێویست گیراوەتەبەر بۆ دابینكردنی ئاسایشی هاووڵاتییانمان.
كونسوڵخانەی توركیا ، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی كردووە كە بە خێرایی هاوكار بوون، لەسەرووشیانەوە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكانی سەر بەو وەزارەتە. هاوكات داواشی لە هاووڵاتییانی شۆفێری بارهەڵگری توركیا كردووە، لەئەگەری دروستبوونی هەر كێشەیەك، دەستبەجێ پەیوەندی بە كونسوڵخانەی توركیاوە بكەن.