راچڵەكین -
گروپێكی سەر بە سوپای بنین، كودەتای سەربازییان لە وڵاتەكەیان راگەیاند و سەرۆك و سەرجەم بەرپرسە باڵاكانی حكومەتیان لەسەركار لادا و خۆیشیان وەك ئەنجومەنی سەربازی بۆ ئاوەدانكردنەوەی بنین ناساند.
ئەمڕۆ یەكشەممە 7-12-2025، گروپێكی سەر بە سوپای بنین كە لەچەندین ئەفسەر و فەرماندەی باڵا پێكهاتوون، لەڕێگەی كودەتایەكی سەربازییەوە دەستیان بەسەر كۆشكی كۆمارییدا گرت و سەرۆك و سەرجەم بەرپرسە باڵاكانی وڵاتیشیان دەستبەسەردا گرت و لەكاریان دوورخستنەوە.
ئەو گروپە سەربازییە كە خۆیان ناوناوە "ئەنجومەنی سەربازی بۆ ئاوەدانكردنەوە" لە كەناڵی فەرمی بنین، راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو تێیدا رایانگەیاند كە كۆتایی بە حوكمی پاتریس تالون سەرۆكی وڵات هێنرا و لەمەودوا ولاتی بنین لەلایەن ئەنجومەنە سەربازییەكەوە بەڕێوەدەبرێت و دەستدەكرێت بە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە.
بنین یەكێكە لە وڵاتە هەژارەكانی رۆژئاوای كیشوەری ئەفریقا، ساڵی 1961 سەربەخۆیی لە فەرەنسا وەرگرت و سیستمی حوكمڕانیی كۆمارییە، پاتریس تالون كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2016 دەسەڵاتی وڵاتی گرتەدەست، بۆماوەی دوو خولە لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەدایە، ماوەی حوكمڕانییەكەشی ساڵێكی ماوە.
لەماوەی چەند رابردوودا ژمارەیەك كودەتای سەربازیی لە وڵاتانی ئەفریقا روویانداوەو سوپا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، سەرجەم ئەو وڵاتانەشی كە كودەتایان تێدا روویداوە، سەرۆكەكانیان هاوپەیمانی فەرەنسا بوون.