راچڵەكین -
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان پێشبینییەكانی بۆ كەشوهەوای 48 كاتژمێری داهاتووی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنێت: پلەكانی گەرما دادەبەزێت و لەسنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین بارانی بە لێزمە و بەخوڕ دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەكانیش ئەگەری بەفربارین هەیە.
بەگوێرەی پێشبینییەكان، ئەمڕۆ سێشەممە 9-12-2025، ئاسمان هەور و كاریگەری شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت لەسەرجەم ناوچەكە، لەسنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك بارانی مامناوەند دەبێت و دابارین بەشێوەی لێزمە بارانی پچڕ پچڕ و هەندێ كات نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبێت، لەكاتی لێزمە باران ئەگەری هەورە تریشقە هەیە، هەروەها لەسنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، بارانی بە لێزمە و بەخوڕ دەبارێت لە زۆربەی كاتەكان، لەگەڵ هەورەتریشقە و زیادبوونی خێرایی با، هەندێ كات بە هۆی بارانی بە لێزمە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەكرێت و كاریگەری ئەم شەپۆلەش بەدرێژایی ئەمڕۆ لەسەر ناوچەكە دەمێنێتەوە.
پلەكانی گەرما بە (1 - 2) پلە نزم دەبێتەوە و ئەگەری بەفربارینیش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییە بەرزەكان هەیە.
سبەینێ چوارشەممە 10-12-2025، لە ئەنجامی بەردەوامیی كاریگەری شەپۆلی بارانبارین، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و هەندێ كات نیمچە هەور دەبێت، لە سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك هەندێ كات نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەكان بارانی مامناوەند دەبارێت، هەروەها لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان ئەگەری بەفربارین هەیە، لە كاتەكانی بەرەبەیانیش لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین هەندێ كات لێزمە باران دەبێت تا كاتەكانی نیوەڕۆ، كاریگەری ئەم شەپۆلەش لەسەر ئەم ناوچانە دەمێنێتەوە، پاشان كاریگەرییەكەی لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ لەسەرجەم ناوچەكە لاواز دەبێت.
بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر : 14 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 13 پلەی سیلیزی
دهۆك : 14 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی
كەركوك : 14 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی
سۆران: 13پلەی سیلیزی
ئاكرێ : 15 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 10پلەی سیلیزی
گەرمیان : 15 پلەی سیلیزی