ویلایەتێكی دیكەی ئەمریكا ئیخوان موسلمین بە تیرۆریست دەناسێنێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 75

رۆناڵد دیۆن دیسانتیس، حاكمی ویلایەتی فلۆریدا

راچڵەكین -

ویلایەتی فلۆریدا بڕیاریدا ئیخوان موسلمین وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێت، بەمەش دەبێتە دووەم ویلایەتی ئەمریكا لەدوای تەكساس كە ئەو رێكخراوە ئیسلامییە بخاتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییە قەدەغەكراوەكان.

رۆناڵد دیۆن دیسانتیس، حاكمی ویلایەتی فلۆریدا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بڕیراماندا ئیخوان موسلمین و ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی ئەمریكی - ئیسلامی (CAIR)، وەك دوو رێكخراوی تیرۆریستیی بیانی پۆلێن بكەین و هەموو رێشوێنێكی یاساییش بگرینەبەر بۆ قەدەغەكردنی كارو چالاكییان و پێدانی هەر جۆرە پاڵپشتییەك بەو كەسانەی كە پشتگیریی لەو دوو رێكخراوە دەكەن.

لە كاردانەوەی ئەو بڕیارەی حاكمی فلۆریدا، ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی ئەمریكی - ئیسلامی (CAIR)، بڕیارەكەی بە پێچەوانەی دەستوری ئەمریكا وەسفكرد و هەڕەشەی گرتنەبەری رێكاری یاسایی لەدژی دیسانتیس كرد.

فلۆریدا دووەم ویلایەتی ئەمریكایە كە هەریەك لە ئیخوان موسلمین و ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی ئەمریكی - ئیسلامی بخاتە ناو لیستی رێكخراوە تیرۆریستییە بیانییەكان، پێشتریش حاكمی ویلایەتی تەكساس هەمان بڕیاری دەركرد و ئەو دوو رێكخراوە ئیسلامییەی بە دوو گروپی تیرۆریستی و تاوانكاریی نێودەوڵەتی پۆلێن كردبوو، هەموو جۆرە كارو چالاكییەكی لەناوخۆی ویلایەتەكە قەدەغەكرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن