عەلەوییەكانی سووریا مانگرتنی گشتی رادەگەیەنن

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 119

راچڵەكین -

لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی ئیسلامیی باڵای عەلەوییەكان، هاووڵاتیانی عەلەوی لە سووریا مانگرتنی گشتییان راگەیاند و دوكان و بازاڕەكانیان داخست.

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 9-12-2025، لەتەواوی ناوچەكانی ساحلی سووریا و گەڕەكە عەلەوی نیشنەكانی شاری حمس، مانگرتنی گشتی راگەیەندرا و هاووڵاتیان لەماڵەكانیان مانەوەو دوكان و بازاڕەكانیان داخست.

مانگرتنەكە لەسەر داوای شێخ غەزال غەزال سەرۆكی ئەنجومەنی ئیسلامیی باڵای عەلەوییەكانی سووریا هات، كە لە بانگەوازێكدا داوای كردبوو بۆماوەی پێنج رۆژ مانگرتنی گشتی و سەرتاسەریی رابگەیەنرێت، مانگرتنە گشتییەكە هەریەك لە پارێزگاكانی لازقیە، بانیاس، تەڕتوس و چەند ناوچەیەكی پارێزگای حمس-ی گرتەوە، كە زۆرینەی دانیشتووانەكانی ئەو ناوچانە عەلەوین.

لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی عەلەوییەكان، دەسەڵاتدارانی ناوچەكە هەڕەشەی گرتنبەری رێكاری توندیان لەدژی هاووڵاتیان كرد، لەوانەش سزادانی ئەو فەرمابەرە عەلەوییانەی بەشدارییان لە مانگرتنەكەدا كردووە بە دەركردنیان لە وەزیفە و پێنەدانی مۆڵەت.
 
روانگەی سووری ئاشكرایكردووە، مانگرتنە گشتییەكە كاریگەریی نەرێنی لەسەر كەرتی بازرگانی و جموجۆڵی بازاڕ كردووە، بەو پێیەی بەشی زۆری بازاڕەكانی ئەو ناوچانە داخراون و سەرباری گوشارەكانی دەسەڵات، بەڵام عەلەوییەكان پێداگرییان كردووە لەسەر بەدەمەوەچوونی بانگەوازەكەی شێخ غەزال غەزال و بەردەوامبوون لەسەر مانگرتنە گشتییەكە بۆ ماوەی پێنج رۆژ، كە ئەمڕۆ دووەم رۆژە بەردەوامە و بڕیارە تا رۆژی هەینی بخایەنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن