ئەمریكا بڕیارێك لەبارەی هێزەكانی لە ئەفغانستان دەدات

جیهان

27/05/2020     ژمارەی بینراو 322

راچڵەكین

سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریدا تەواوی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان بكشێنێتەوە، راشیگەیاند: چاودێری دۆخی ئەو وڵاتە دەكەم و ئەگەر پێویست بكات، كارێك دەكەم كە پێشتر رووینەدابێت.

دۆناڵد ترەمپ لە جریوەیەكدا كە ئەمڕۆ 27-5-2020 لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە، كشانەوەی سەرجەم هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان راگەیاند، ئەمەش دوای 19 ساڵ لە بڵاوكردنەوەی هێزەكانیان لەو وڵاتە.

ترەمپ لە تویتەكەیدا نوسیویەتی: هێزەكانمان لەئەفغانستان وەك هێزیچكی پۆلیس مامەڵە دەكەن نەك هێزێكی شەڕكەر، ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە ئەو هێزانە لە ئەمریكا كاری پۆلیسی بكەن.

سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردووە، كە سەرەڕای كشاندنەوەی هێزەكانیان لە ئەفغانستان، بەڵام بەوردییش چاودێری بارودۆخی ئەو وڵاتە دەكات، ئەگەر پێویستیش بكات وەڵامێكی دەبێت كە هەرگیز لە رابردوودا رووینەداوە.

ئەمریكا كە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان، بڕیاریدا هێزەكانی لەو وڵاتە كە ژمارەیان نزیكەی 13 هەزار سەرباز دەبێت، بكشێنێتەوە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بەشێك لە هێزەكانی كشاندەوەو دوو سەربازگەشی رادەستی حكومەتی كابۆل كرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن