ترەمپ داوا دەكات لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە كوژرانی فلۆید خێراتر بكرێن

جیهان

28/05/2020     ژمارەی بینراو 372

جۆرج فلۆید، لەژێر قچی پۆلیسێكی ئەمریكی

راچڵەكین-

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، داوایكرد لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە كوژرانی جۆرج فلۆید، لەلایەن پۆلیسەوە خێراتر بكرێن.

دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بابەتێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا داوای كردووە، لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە كوژرانی جۆرج فلۆید (كە گەنجێكی رەشپێست بوو و لەكاتی دەستبەسەركردنیدا لەلایەن پۆلیسەوە خنكێندرا) خێراتر بكرێن.

ترەمپ، نووسیویەتی: "لە چوارچێوەی داواكەماندا، دەزگای ''FBI'' و وەزارەتی داد لێكۆڵینەوەیەكی باش لە مەرگی تراجیدی جۆرج فلۆید دەكەن. داوای خێراكردنی ئەم لێكۆڵینەوەیەم كردووە."

سەرۆكی ئەمریكا هاوخەمی خۆشی بۆ بنەماڵەی ئەو گەنجە رەشپێستە دەربڕیوە بەڵێنی ئەوەی دووپاتكردوەتەوە كە یاسا ئەركی سەر شانی بەجێدەهێنێت.

رۆژی سێشەممە 26-5، چەند پۆلیسێك لەشاری مەنیئاپۆلس-ی ویلایەتی مینیسۆتا، پیاوێكی رەشپێست دەستگیردەكەن، دوای ئەوەی پۆلیسەكان پیاوەكە دەخەنە سەر سك بۆ كەلەپچەكردن، یەكێك لە پۆلیسەكان ئەژنۆی قاچی چەپی دەخاتە سەر ملی پیاوە رەشپێستەكەو ئەویش چەند جارێك لێ دەپاڕێتەوە تا قاچی لابدات و پێی دەڵێت:" تكایە تكایە قاچت لابە ناتوانم هەناسە بدەم، سكم و ملم ژان دەكەن." بەڵام ئەو هاوارو پاڕانەوەیە سوودی نابێت تا لەژێر قاچی یەكێك لە پۆلیسەكاندا گیانلەدەستدەدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن