ئەمریکا؛ خۆپیشاندان دژ کوشتنی هاووڵاتییە رەشپێستەکە بەردەوامە

جیهان

29/05/2020     ژمارەی بینراو 319

راچڵەکین-

خۆپیشاندان بۆ رۆژی سێیەم لە  شاری مینیاپۆلیس بەردەوامە و خۆپیشاندەران ئاگریان بەردایە ناوەندی پۆلیسی شارەکە.

 کوژرانی جۆرج فلۆید لەلایەن پۆلیسەوە بووەتە یەکێک لە گەرمترین بابەتەکانی ئەمریکا و نیگەرانییەکی زۆری شەقامی ئەمریکیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە رۆژی سێشەممەوە لە شاری مینیاپۆلیس سەربە ویلایەتی مینیسۆتا باکووری ئەمریکا کە جۆرج فلۆید-ی لێ کوژرا، خۆپیشاندان دەستیپێکردووە و لە درێژەی پێکدادانەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەراندا، خۆپیشاندەران ئاگریان بەردایە ناوەندێکی پۆلیسی شارەکە.

خۆپیشاندەران چوونە ناو بینای پۆلیسەوە و سووتاندیان، بەڵام هێزەکانی پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە گردبوونەوەکانی خۆپیشاندەران کرد. 

رۆژی دووشەممە لە شاری میناپۆلیس، چوار پۆلیس پیاوێکی رەشپێستی تەمەن 46 ساڵ بە ناوی جۆرج فلۆید بەتۆمەتی ساختەکاری دەوەستێنن، دوای ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکەی دەیهێننە خوارەوە یەکێک لە پۆلیسەکان پیاوە رەشپێستەکە دەخاتە سەر زەوی و قاچێکی دەخاتە سەر ملی، هەرچەند پیاوە رەشپێستەکە دەڵێت ناتوانم هەناسەبدەم، پۆلیسەکە وازی لێناهێنێت، تاوەکو دەبوورێتەوە و دواتریش لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن