چه‌ند ڕێگه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری سكچوون

تەندروستی

30/05/2020     ژمارەی بینراو 769

سكچوون

ڕاچڵه‌كین-

هه‌ر كه‌سێك نیشانه‌كانی ووشكبوونه‌وه‌ی لێ به‌دیار كه‌وت پێویسته‌ زوو چاره‌سه‌ری پێویست وه‌رگرێت بۆ ڕێگرتن له‌ دروست بوونی ماكه‌كانی سكچوون، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر داهات حوێزی پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و شەکرە و نەخۆشیەکانی دڵ باس له‌ ڕێگا چاره‌سه‌ره‌كانی سكچوون ده‌كات.

1-زۆربه‌ی سكچوونه‌كان به‌هۆی ڤایرۆسه‌وه‌یه‌ و بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ ده‌مێنێته‌وه‌ و دوایی خۆی چاك ده‌بێته‌وه‌، له‌و كاته‌دا نه‌خۆشه‌كه‌ پێویسته‌ ئاو و شه‌ربه‌ت و شیر و شۆربا و شله‌مه‌نی زۆر بخوات و خۆی به‌دوور بگرێ له‌ خواردنی شتی سوره‌وه‌كرواو و برژاو و خواردنی قورس تا ڕێخۆڵه‌كانی دێنه‌وه‌ سه‌ر تایم هه‌ندێ جاریش خواردنی میوه‌ی وه‌كو گێزه‌ر و مۆز و هه‌روه‌ها خواردنی په‌تاته‌ی كوڵاو و برنج سوودیان ده‌بێت.

2-خۆ ئه‌گه‌ر سكچوونه‌كه‌ دوای سێ ڕۆژ هه‌ر به‌رده‌وام بوو یان ئه‌گه‌ر نیشانه‌كانی ووشكبوونه‌وه‌ و تا و ئازاری سكی سه‌ختی له‌گه‌ڵ بوو یاخود ئه‌گه‌ر پیسایه‌كه‌ زۆر خوێنی پێوه‌ بوو یان ڕه‌نگه‌كه‌ی ره‌ش بوو یاخود ئه‌گه‌ر پیسایه‌كه‌ ڕێك وه‌كو ئاو وابوو، وه‌ هه‌روه‌ها له‌ مناڵان و كه‌سانی به‌سالاچوو، پێویسته‌ سه‌ردانی خه‌سته‌خانه‌ بكه‌ن بۆ پشكنین وچاره‌سه‌ری پێویست.

3-بۆ سكچونێك كه‌ ناڕه‌حه‌تیه‌ مه‌ترسیداره‌كانی له‌گه‌ڵ بێت له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ پشكنین پێویست بێت وه‌كو پشكنینی خوێن و سۆناری ناوسك و نازووری كۆلۆن بۆ دۆزینه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌ ئه‌ندامیه‌كان. جگه‌ له‌وانه‌ش هه‌ندێ پشكنین بۆ پیسایه‌كه‌ ده‌كرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكرۆبه‌كان تیایدا، وه‌كو پشكنینی گشتی پیسایی و پشكنین بۆ كۆلێرا و پشكنین و زه‌رعی پیسایی.

4-بۆ چاره‌سه‌ری سكچوون دكتۆر بڕیاری پێدانی مغزی گیراوه‌ واته‌ "دیكسترۆلایت" ده‌دات بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كانزاكان و شله‌مه‌نی بۆ نه‌خۆشه‌كه‌.. كاتێكیش حاڵه‌ته‌كه‌ ببێته‌ هۆی ووشكبوونه‌وه‌ یان دابه‌زینی فشاری خوێن،پێویست به‌ داخل كردن ده‌كات له‌ نه‌خۆشخانه‌ بۆ وه‌رگرتنی مغزی و ڕێگرتن له‌ ماكه‌كانی ئه‌م حاڵه‌ته‌. ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ ئازاری سك و تا و ڕشانه‌وه‌ و هه‌وكردنی به‌كتریایی یان مشه‌خۆری له‌گه‌ڵ دابوو، پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری تایبه‌ت ئه‌بێت به‌و حاڵه‌تانه‌ وه‌كو چاره‌سه‌ری ئازارشكێن و ده‌رمانی دژی ڕشانه‌وه‌ و دەرمانی دژەهەوکردن.

5-نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت كه‌ چاره‌سه‌ركردنی ماكه‌كانی وه‌كو له‌كاركه‌وتنی گورچیله‌كان به‌شێكن له‌ چاره‌سه‌ر، خۆ ئه‌گه‌ر سچكوونه‌كه‌ به‌هۆی نه‌خۆشیه‌ ئه‌ندامیه‌كانی وه‌كو نه‌خۆشی هه‌وكردنی درێژخایەنی كۆلۆن بێت پێویسته‌ چاره‌سه‌ری تایبه‌ت وه‌رگرێت.

-7شایه‌نی باسه‌ پڕۆسه‌ی سكچوون بریتیه‌ له‌ ڕزگار كردنی ڕیخۆڵه‌كان و له‌ش له‌و خۆراكه‌ خراپه‌ی یان له‌و میكرۆبه‌ی كه‌ نامۆیه‌ به‌ جه‌سته‌ و زیانبه‌خشه‌، بۆیه‌ ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه‌ ئه‌بنه‌ هۆی وه‌ستاندنی سكچوونه‌كه‌ وه‌كو حه‌بی ئینتیرۆستۆپ باش نیه‌ و له‌وانه‌یه‌ هه‌وكردنی ناو ڕیخۆڵه‌كان خراپتر بكات، بۆیه‌ وا باشه‌ ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ به‌كار نه‌یه‌ت به‌ڵكو له‌جیاتی ئه‌وه‌ هه‌وڵی قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی شله‌ به‌فیڕۆچووه‌كه‌ بدرێت تا ئه‌و كاته‌ی سكچوونه‌كه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن