ھەوکردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری بی
ڕاچڵه‌كین-
جگه‌ر یه‌كێكه له ئه‌ندامه گرنگ و زیندووڕاگرەکانی جه‌سته، ده‌كه‌وێته لای راستی خوار قه‌فه‌زه‌ی سنگه‌وه، كێشی جگه‌ر له‌مرۆڤێكی پێگه‌یشتوودا له پیاواندا (1.4 – 1.6) كگم، به‌ڵام له‌ژناندا (1.2 – 1.4) كگم. كۆمه‌ڵێك فرمانی گرنگ و ژێنەری هه‌یە وه‌ك ده‌ردانی چه‌ندین ئه‌نزایم و ڤیتامین، دروستكردنی فاكته‌ره‌كانی خوێن مه‌یین، كۆكردنه‌وه‌ی شه‌كر، چه‌وری و پرۆتینه‌كان هه‌روه‌ها له‌ش رزگار ده‌كات له جۆره‌ها ژه‌هری مه‌ترسیدار ، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر هه‌رێم پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناوی باس له هه‌وكردنی ڤایرۆسی جگه‌ر له جۆری بی ده‌كات و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ره‌كه‌ی ده‌خاته ڕوو.
هه‌وكردنی جگەری ڤایرۆسی : Viral Hepatitis
ڤایرۆس تەنۆچکەیەکی نەبینراوە لە دەرەوەی لەشی مرۆڤ بەڵام لە ناو لەشدا توانای گەشەکردن و زیادبوون پەیدا دەکاتەوە و مرۆڤ تووشی چەندین نەخۆشی جۆراو جۆر دەکات .
ڤایرۆسی جگەر چەند جۆرێکن گرینترینیان (A,B,C,D,E and G or GB ) ھتد کە دەبنە ھۆی ھەوکردنی (التھابات ) جگەر .
هه‌وكردنی جگه‌ری ڤایرۆسی جۆری بی :
-هه‌وكردنی ڤایرۆسی جگه‌ر له جۆری بی به جۆره مه‌ترسیداره‌كه‌ی هه‌وكردنی ڤایرۆسی جگه‌ر ناسراوه ، جیاواز لە جۆرەکانی تر ترشە ناوەکیەکەی ( DNA ) ە،ھەروەھا بەربڵاوترینیانە کە لەڕێژەی توشبووان لە نێوان ٠،٧٪ لە ئەمەریکا بۆ لە ٦٪ لە ووڵاتانی تازە پێگەشتوو ( ھەندێ شوێن بۆ سەرو ١٥٪ )دانیشتووان.
- ده‌كرێ به‌شێوازی كتوپڕ ده‌ربكه‌وێت و له‌هه‌مانكاتدا ده‌گونجێت درێژخایه‌ن بێت ( واتا بۆ زیاتر لە شەش مانگ )و ببێته هۆی بە مۆمبوون و پاشان پەککەوتنی جگه‌ر و ھەندێ جار شێرپەنجەی جگەر.
ڕێگاکانی گواستنەوە :
1- بە گشتی لە ڕێی به‌ركه‌وتنی خوێن و شله‌كانی له‌شی كه‌سی تووشبوو ده‌گوازرێته‌وه.
2- به‌كارهێنانی ده‌رزی كه كه‌سی تووشبو به‌كاری هێنابێت یاخود تاتوو و سمینی گوێ و لوت و دەرزی ئاژەنین و ئالودەبووانی دەرمانی نایاسایی بە شێوەی دەرزی و بەکارھێنانەوەی گوێزان بۆ چەند کەسێک.
3- په‌یوه‌ندی سێكسی ناشەرعی له‌گه‌ڵ تووشبودا بەتایبەتی سێکسی ھەمان ڕەگەز یاخود فرە ڕەگەز و بەکارنەھێنانی کۆندۆم و ڕێگە چارەی خۆپارێزی.
4- گواستنه‌وه‌ی خوێنی كه‌سی تووشبوو لە کاتی بریندار و نەخۆشانی تەلاسیمیا و ئامرازە پزیشکیەکان وەک دەیلەزە.
5- کردنی نەشتەرگەری و پاککردنەوەی ددان بە ئامێر و پێداویستیە پزیشکیەکان پیسبوو بە ڤایرۆسەکە.
6- بە شێوەیەکی ستوونی واتا له‌ڕێگای دایكه‌وه بۆ كۆرپه لە کاتی لە دایکبوون و تێکەڵاوبوونی خوێنیان .
تێبینی :
- ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی دەست لێدان و ماچ و کۆکە و پژمین و بەکارھێنانی پێداویستیە تایبەتەکانی یەکتر لە قاپ و قاچاغ و جل و بەرگ ناگوازرێتەوە.
-داتای پێویست بەردەست نیە لەسەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی فرمێسک و میز و شیرپێدانەوە.
-بەرکەوتن بە دەرزیەکی ناوبۆشی پیس بوو بەخوێنی کەسی توشبوو ،ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە زۆر بەرزە بە گشتی لە دەوری ٣٠٪ ( بەراود بە لە ٣٪ بۆ ڤایرۆسی سی و لە ٠،٣٪ بۆ ڤایرۆسی ئایدز ).
-ھەندێ جار ھاوکاتە لەگەڵ توشبوون بە ڤایرۆسی جۆری سی یاخود بەشێوەی سەربار بە ڤایرۆسی جۆری دی .
دیاریکردنی نەخۆشیەکە :
-پشکنینی ڤایرۆسی وەک
HBs Ag , HBc IgM & total , HBe Ag , RT-PCR viral load
-شیکاری فرمانی جگەر
-سۆنەری جگەر و ناوسک
-فایبرۆسکان بۆ دیاری کردنی ڕێژەی بە مۆمبوونی جگەر
-ھەندێ جار وەرگرتنی نموونە ( زەرعە) لە جگەر بۆ پشکنینی شانە-نەخۆشیزانی
-پشکنینی گشتی خوێن و ھەناوبینی
خۆشبه‌ختانه ئه‌م جۆره ڤایرۆسە ڤاكسینی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و کە بە ڕێژەی لە ٩٥٪-٩٩٪ پارێزی دەکات لە توشبوون .له‌زۆرێك له وڵاتاندا ڤاكسین دژی ڤایرۆسی جگه‌ری جۆری بی به‌شێكه له هه‌ڵمه‌تی كوتانی ساڵانه و زۆربه‌ی منداڵان و گه‌وره‌ساڵان پێکوتە وه‌رده‌گرن.
چۆنیەتی لێکدانەوەی کاریگەری پێکوتەکە لەسەر دروست کردنی بەرگری پێویست :
- ڕێژەی HBs Ab کەمتر لە ١٠ »» وەڵامی نەبووە و پێویستە کۆرسی پێکوتەکە دووبارە بکاتەوە.
- ڕێژەی HBs Ab لە نێوان ١١-١٠٠ »» وەک پێویست نیە بەڵام تەنھا جورعەی بەھێزکەر ( بوستەر )ی پێکوتەکە دووبارە دەکاتەوە.
- ڕێژەی HBs Ab لە سەرو ١٠٠ »» بەرگری پێویست دورست بووە دژی ڤایرۆسەکە.
کێ پێویستە شیکاری HBs Ab بکات :
- منداڵی لە دایک بووی لە دایکی توشبوو.
- کادێرانی بواری تەندروستی
-نەخوشی سەر گورچیلەی دەستکرد ( غسل )
-کەسێک ھاوژینەکەی توشبووبێت
- کەسانێک کە ئەگەری بەرکەوتنی خوێن و پێکھاتەکانی زیاتر بێت .
ڕێگری و خۆپارێزی :
- وریایی و بەدووربوون لەو ڕێگایانەی کە دەبنە ھۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە ( لەسەرەوە باس کراوە).
- کردنی پێکوتە بە گوێرەی خشتەی پەسەندکراو.
- شیکاری ڤایرۆسەکە لە خوێندا بە شێوەیەکی دەوری و پێش کردنی ھەر کردەیەکی پزیشکی.