نیشانه‌ و هۆكاره‌كانی توشبوون به‌ نه‌خۆشی گه‌نمه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

31/05/2020     ژمارەی بینراو 1444

نه‌خۆشی گه‌نمه

ڕاچڵه‌كین-
 گەنمە نەخۆشیەکی خودبەرگریە ( تێکچوونی کۆئەندامی بەرگری) زۆر ناباو نیە ،بەڕێژەی هەر یەك كەس لە ١٠٠-٢٠٠ كەس تووش دەبن، کە دەبێتە هۆی بەدمژین لە ڕیخۆڵەباریکە دەرەنجامی پووکانەوەی مژۆکەکانی، بەهۆی زۆری هەستیاری ڕووپۆشی ڕیخۆڵە بە پرۆتینی گلوتین (gluten) کە لە گەنم و جۆدا هەیە Rye , wheat & barely ، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر هەرێم پسپۆری نەخۆشیەکانی هەناوی و دڵ و شەکرە باس له‌ نیشانه‌ و هۆكار و چۆنیه‌تی  چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌كات.

- ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشیەیان هەیە لە کاتی خواردنی ئەو شتانەی گلوتینیان تێدایە توشی وەڵامدانەوەی بەرگری لەش دەبن و دەبێتە هۆی تێکچوونی ناوپۆشی ڕیخۆلە باریکە و ڕێگری دەکات لە مژینی هەندێ ماددە و ڤیتامین و کانزای پێویست و دەبێتە هۆی بەد خۆراکی .

- نیشانەکانی نەخۆشی گەنمە :-

ـ سکچوون یاخود ھەندێ جار قەبزی.
-ھەڵبزڕکانی ڕەنگی پیسایی و لینج بوونی
ـ نەمانی حەزی خواردن.
ـ بێ هێزی و شەکەتی.
ـ لاوازی (کەمی کێش ) .
ـ ئاوسانی سك .
ـ ئارەق کردنی زۆر .
ـ غازات .
ـ ئازار و پێچی ناوسك .
ـ دڵ تێکچوون .
ـ ڕشانەوە .
ـ دواکەوتنی گەشە (لە منداڵاندا).
ـ دواکەوتنی تەمەنی پێگەشتن .
* دەرەنجامی ماوەدرێژی بەد مژین :
ـ کەم خوێنی (بەزۆری بەهۆی کەمی ئاسن) .
ـ ھەندێ جار خورانی پێست .
-برینی ناو دەم .
ـ کەم بوونەوەی چالاکی سپڵ .
ـ فشەڵی ئێسك (Osteoporosis). بەهۆی نەمژینی بڕی پێویست لە کاڵیسیۆم و ڤیتامین D .

- هۆکارەکانی نەخۆشی گەنمە :-

هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشیە نەزانراوە ، بەڵام هەندێ نەخۆشی ھاوپەیوەست ئەگەری توشبوون زیاد دەکات ، لەوانە :-

-هەبوونی ئەو نەخۆشیە لە ئەندامانی دیکەی ئەو خێزانەدا ( پێشینەی خێزانی ) .
-شەکرەی جۆری یەك .
-نەخۆشی داون (Down syndrom)و (turner syndrome ) .
- نەخۆشی بەرگری لەش دژ بە غودە auto immune thyroid disorder .
-نەخۆشی ئەدیسۆن Addison‌s disease
- هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی .

- کاریگەرە نەخوازراوەکانی ئەم نەخۆشیە لە ئەگەری چارەسەر نەبوونیا :-

ـ گەشەکردنی خێرای بەکتریا لە ڕیخۆڵە باریکەدا .
ـ هەوکردنی ڕیخۆڵە ئەستوورە .
ـ کەمی چالاکی پەنکریاس .
ـ بەرگەنەگرتنی نەخۆشەکە بۆ لاکتۆز و فرەکتۆز (دوو جۆری شەکرن) .
-تێکچوونی ھۆرمۆنات و نەزۆکی.

- دیاریکردنی نەخۆشیەکە :
1- شیکاری خوێن بۆ دژە تەنەکان کە چەند جۆرێکی جیاوازن بە تایبەت ( anti TTG IgA & anti gliadin IgG ).
2- شییکاری بۆماوەیی وەک ( HLA-DQ2 ,HLA-DQ8 ).
3- ھەناوبینی گەدەو دوانزەگرێ و وەرگرتنی نموونە بۆ شیکاری شانەزانی و نەخۆشی زانی.

 چارەسەر :-

1- نەخواردنی ئەو خواردنانەی کە گلوتینی (gluten)یان تێدایە (لە بەرهەمەکانی گەنم و جۆ) .
2- نەخواردنی ئەو خواردنانەی کە گلوتینی (gluten)یان تێدایە (لە بەرهەمەکانی گەنم و جۆ) .
3- نەخواردنی ئەو خواردنانەی کە گلوتینی (gluten)یان تێدایە (لە بەرهەمەکانی گەنم و جۆ) .

-ووریایی لەبەکارھێنانی خواردەمەنی ئامادەکراو و لە قتونراو و معجون و ھەندێ دۆ کە بڕێکی کەم پرۆتینی گلوتینی بۆ زیاد کراوە.
ـ خواردنی برنج و بەرهەمەکانی گەنمەشامی .
ـ خواردنی ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و مادە کانزایە پێویستەکان .
- ھەندێ جار پێویست بە دەرمان دەکات لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە وەک دەرمانی دژە هەوکردن ،دژە بەرگری، دەرمانی زیاد کردنی ئیشتیها و ھتد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن