رێبەر ئەحمەد: كارئاسانی دەكرێت لە جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ

کوردستان

02/06/2020     ژمارەی بینراو 408

راچڵەكین-

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیاریانداوە كارئاسانی لەجێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەی تەواوى هاتوچۆی  بكرێت.

 

ئەمڕۆ سێشەممە لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، كۆبوونەوەیەك دەربارەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و پارێزگارەكان و بەرپرسی ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچوو.

دوای كۆبوونەوەكە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە دەسەڵات بدرێت بە پارێزگارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان كە لەسبەینێ چوارشەممە 3-6-2020 كارئاسانی بكەن لە جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ بەو مەرجەی رێكارە تەندروستییەكان جیبەجێ بكرێن.

وتیشی، داوایان لەپارێزگارەكان كردووە رێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو كەسانە بگرنە بەر كە پێشێلی كارئاسانییەكان دەكەن.

 

دووپاتیشكردەوە، ئەگەر پابەندیی نەبێت هاوشێوەی عێراقمان لێدێت و دۆخەكە زۆر مەترسیدار دەبێت.

رێبەر ئەحمەد ووتی:" هیچ نیازێكمان نییە قەدەغەی هاتووچۆ درێژ بكەینەوە، بەڵكو ئاسانكاریی دەكەین بۆ هاووڵاتیان."

ئەوەشی خستەڕوو، خەڵكی بازرگان كە كەناڵی راگەیاندیان هەیە هەوڵدەدەن خەڵك بێنە سەر شەقام و كەموكورتییەكانیان بشارنەوە.

 

وتیشی، قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەكانی هەرێم و شارەكانی تری عیراق بەردەوام دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن