ئەو كەسەی مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پیرمامی دزیبوو.. دەستگیركرا

کوردستان

02/06/2020     ژمارەی بینراو 282

راچڵەكین-

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاویكردەوە، ئەو كەسەیان دەستگیر كردووە كە لە 21/05/2020 پارەی مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پیرمامی دزی بوو.

پۆلیس ئاشكرایكردووە، كەسەكە كۆی مووچەی مانگی (كانوونی دووەمی 2020)ی فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی پیرمامی دیزە كە بڕەكەی (48 ملیۆن و 708 هەزار و 400 دینار) بووە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

 دوای ئەوەی لە رێككەوتی 21/5/2020 پۆلیس ئاگادار كرایەوە كە كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بە ناوی (م.ع.ن) هەڵساوە بە دزینی كۆی مووچەی مانگی (كانوونی دووەمی 2020)ی فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی پیرمام، كە بڕەكەی (48 ملیۆن و 708 هەزار و 400 دینار)ـە، لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە كرایەوە، پاش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەكی ورد و چڕ، توانرا شوێنی تۆمەتباری ناوبراو بدۆزرێتەوە، كە دەیویست لە ناحیەی (شرگات) خۆی حەشار بدات، بەڵام لە نزیك ناحیەی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخموور بەپێی ماددە (453) لە یاسای سزادان دەستگیر كرا، كە پێش دەستگیركردنیشی یٔۆتۆمبێلەكەی خۆی سووتاندبوو، تا تاوانەكە بشارێتەوە و بڵێ كە گوایە پارەكە لەناو یٔۆتۆمبێلەكەدا سووتاوە، بەڵام دوای دەستگیركردنی، دەست بەسەر سەرجەم بڕە پارەكەدا گیرا و بۆ فەرمانگەی یٔاوی پیرمام دەگەڕێندرێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن