ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دوا مۆڵەت بە كازمی دەدات

عێراق

03/06/2020     ژمارەی بینراو 340

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رۆژی 30ی حوزەیرانی دەستنیشانكرد وەك دوا وادە بۆ رەوانەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2020 لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەنجوومەنەكە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3-6-2020 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنەكە كۆبوەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا بەكۆی دەنگی ئەندامانی بەشدار، داوا لە حكومەتی عیراق كرا تا رۆژی 30ی ئەم مانگە پرۆژە یاسای بودجەی 2020 رەوانەی ئەنجوومەنەكە بكات.

هاوكات  نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، محەمەد حەلبوسی داوای لە ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە یاسای بوودجەی گشتی بۆ ساڵی 2020 رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات.

چاوەڕوان دەكرێت، بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، رووبەڕووی كورتهێنان ببێتەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە بودجەی گشتیی عێراق بەڕێژەی 95 لەسەدا پشتی بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.

پێشتر لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو كە گفتوگۆكردن لەسەر بوودجەی گشتیی ساڵی 2020 و پەسەندكردنی، سێ هەفتەی پێویستە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن