تەندروستی عێراق لەبارەی پێدانی پارە بە توشبووانی كۆرۆنا روونكردنەوە دەدات

عێراق

03/06/2020     ژمارەی بینراو 366

راچڵەكین

وەزیری تەندروستی عێراق روونكردنەوە لەبارەی ئەو دەنگۆیانە دەدات كە باس لە پێدانی بڕێك پارە بە توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرێت، راشیگەیاند: زیاتر لە هەزار كارمەندی تەندروستی سەرقاڵی ئەنجامدانی پشكنینی هەرەمەكین بۆ هاوڵاتیان.

حسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، كە ئەمڕۆ 3-6-2020 لەمیانەی كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی 225 قەرەوێڵەیی لەشاری نەجەف ئەنجامیدا، رایگەیاند: هیچ بڕە پارەیەك بەو هاوڵاتییانە نادرێت كە بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە نەخۆشخانەكاندا دەخەوێندرێن.

وتیشی:" لەئێستادا هەموو هەوڵ و خەرجییەكمان لەپێناو دابینكردنی پێداویستی پزیشكییە، بۆ چارەسەركردنی توشبووانی كۆرۆنا، كە ژمارەیان لە زیادبووندایە".

وەزیری تەندروستی عێراق ئاماژەی بە هاوكارییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی كرد بۆ سێكتەری تەندروستی لەبواری دابینكردنی پێداویستی و پشتیوانكردنی تیمە تەندروستییەكانی عێراق، راشیگەیاند، بەگوێرەی پلانێك، لەمەودوا رۆژانە زیاتر لە 15 هەزار پشكنینی كۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان ئەنجام دەدەین، لە ئێستاشدا زیاتر لە هەزار كارمەندی تەندروستی لەچوارچێوەی پلانی رووماڵی مەیدانی، بە شاری بەغداو ناوچەكانی دیكەی عێراق بڵاوكراونەتەوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی پشكنینی هەرەمەكی بۆ هاوڵاتیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن