بڕیارێكی نوێ لەبارەی كەرەنتینكراوان دەردەچێت

کوردستان

04/06/2020     ژمارەی بینراو 949

راچڵەكین

لەمەودوا هەر هاوڵاتییەك لە دەرەوەی هەرێم بگەڕێتەوە، لەسەر خەرجی خۆی كەرەنتین دەكرێت، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش رایدەگەیەنێت: بڕیارەكە لە دهۆك چووەتە بواری جێبەجێكردنەوەو لە هەولێریش سلێمانیش جێبەجێ دەكرێت.

د.محەممەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، بە رووداوی راگەیاندووە، پرۆسەی كەرەنتینكردن لەسەر خەرجی كەسە گەڕاوەكانی دەرەوە دەستیپێكرد، پرۆسەكە لە پارێزگای دهۆك چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە ‌و لە سلێمانی ‌و هەولێریش دەستپێدەكات".

ئاشكراشیكرد، تەنیا خەرجی مانەوە لەسەر كەسەكانە، بەڵام پشكنینەكان لەسەر خەرجی وەزارەتی تەندروستی دەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونیشیكردەوە، ماوەی پرۆسەی كەرەنتینكردن دوو جۆرە ، هەموو ئەوانەی لەشارەكانی عێراقەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، دوو رۆژ كەرەنتین دەكرێن، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەی عێراقەوە دەگەڕێنەوە ماوەی كەرەنتینكردنیان 14 رۆژە.

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تائێستا 12 هەزار و 422 هاووڵاتی كە لە دەرەوەی هەرێم گەڕاونەتەوە، كەرەنتین كراون، لەئێستادا تەنیا هەزار و 58 هاووڵاتی لە 33 شوێنی جیاوازی كەرەنتین ماونەتەوە، كە 181 كەس لە هەولێر، 63 لە سلێمانی و 814 كەسیش لە دهۆكن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن