راچڵەکین-
لە سلێمانی و هەولێر ١١ نەخۆشی کۆرۆنا باری تەندروستییان ناجێگیرە و راچڵەکینیش زانیاری لەبارەی دۆخی تووشبووانی کۆرۆنا بڵاودەکاتەوە.
یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی ٥-٦-٢٠٢٠، لە لێدوانێکدا بە راچڵەکین-ی راگەیاند، ئێستا لە ٦ بۆ ٧ نەخۆشی کۆرۆنا باری تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستییان بە چاودێری ورد هەیە و ٣٠ تووشبووش نیشانەی توندی نەخۆشییەکەیان هەیە.
لای خۆیەوە بژار موسا، وتەبێژی تەندروستی هەولێر ئەمڕۆ هەینی ٥-٦-٢٠٢٠، لە لێدوانێکدا بە راچڵەکین-ی راگەیاند، چوار تووشبووی کۆرۆنا باری تەندروستییان ناجێگیرە و بەشێک لە نە خۆشەکانی دیکە نیشانەیان هەیە، بەڵام توند نین.
ئێستا لە شاری هەولێر ٦٨ تووشبووی کۆرۆنا هەیە، لە سلێمانی ٣٩٥ تووشبوو هەیە.
لە هەرێمی کوردستان تائێستا هەزار و ١٥ کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٤٤٤ کەسیان چاکبوونەتەوە و ١٧ تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.