زانا رەحمان بۆ راچڵەکین: هیچ بڕیارێک نییە بۆ کەرەنتین کردنی پێنجوێن

کوردستان

05/06/2020     ژمارەی بینراو 407

راچڵەکین- کامەران کەریم 

قائیمقامی قەزای پێنجوێن، ئاشکرایکرد، لە ئێستادا بەرنامەیان نییە پێنجوێن کەرەنتین بکەن، بە چەندین شێوە هەوڵ دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزاکە.

زانا ڕەحمان، ئەمڕۆ هەینی ٥-٦-٢٠٢٠، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە راچڵەکین-ی راگەیاند، لەدووڕۆژی ڕابردووا نزیکەی ٤٠٠ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە، کە پشکنینی بەشێکیان پۆزەتیڤ بوون، بەڵام لە شەوی ڕابردوو پێنج کەس لەوانە کە پشکنینیان بۆکرایەوە دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون هۆکارەکەی ئەوەبوو کە ئەو پێنج کەسە جارێکی دیکە بە شێوەی تاک تاک پشکنینیان بۆ کرایەوە، هەموو ئەوانەی کە پێشتر سامپڵیان لێوەگیرا جارێکی دیکە بەشێوەی تاک تاک پشکنینیان بۆ دەکرێتەوە.

وتیشی:"پێشبینی دەکرێت رێژەی دیکەی تووشوبوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پێنجوێن ڕابگەیەندرێت، وە پێنجوێن بەهیچ شێوازێک کەرەنتینە نەکراوەو تا ئەم ساتە بڕیار نییە کەرەنتینە بکرێت".

زانا رەحمان رونیشیکردەوە:" لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێم سەردانی دیوی ئێرانمان کردووە بەڵێنی هاوکاریمان لە ئێرانییەکان وەرگرتووە و مەرزی باشماخ  بە گرتنەبەری رێکاری توندی تەندروستی بۆ کاری بازرگانی کراوەیەو لە هیچ کەسێکی قبوڵ ناکەین ببێتە هۆکاری گەیاندنی زیان بە خەڵک".

قائیمقامی قەزای پێنجوێن، ئەوەشی خستەڕوو:" ئێستا رەوشی تەندروستی قەزاکە باشە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵمەتێکی دەرمان ڕشتنمان دەستپێکردووە، پشکنینی زۆر دەکرێت، هەڵمەتێکی چڕی هۆشیاری لەناو خەڵک دەست پێدەکەین".

بە پێی ئامارەکان ئێستا لە قەزای پێنجوێن نزیکەی ٦٠ تووشبووی کۆرۆنا هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن