راچڵەكین
فەرمانگەی كارتی نشتیمانی پێنجوێن تا كاتێكی نادیار دادەخرێت، فەرمانگەكەش هۆكاری بڕیارەكە بۆ سەلامەتی كارمەندان و ئەنجامدانی پشكنین و دەرمانڕێژكردنی بیانی فەرمانگەكە دەگەڕێنێتەوە.
لە ئاگادارییەكدا كە فەرمانگەی كارتی نشتیمانی پێنجوێن بڵاویكردووەتەوە، تیایدا هاتووە، پاش وەرگرتنی ڕازەمەندی بەڕێوبەری رەگەزنامەی سلێمانی، بڕیاردرا بە داخستنی فەرمانگەی كارتی نشتیمانی پێنجوێن لە رۆژی یەكشەممەوە تا كاتێكی نادیار.
فەرمانگەكە هۆكاری بڕیارەكەی گەڕاندووەتەوە بۆ پاراستنی تەندروستی كارمەندان و هاوڵاتیان و دەرمان ڕێژكردنی فەرمانگەكە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار و هەروەها پشكنینی هەموو كارمەندانی فەرمانگەكە بێ جیاوازی لە لایەن لیژنەی پزیشكییەوە.
لەچەند رۆژی رابردوودا دەیان توشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قەزای پێنجوێن تۆماركرا.