د. هێرش سەلیم: ئەگەر پابەندبوونی هاوڵاتیان بەمشێوەیە بەردەوام بێت.. ئاماری تووشبوون بەكۆرۆنا دادەبەزێت

چاوپێکەوتن

10/06/2020     ژمارەی بینراو 741

د.هێرش سەید سەلیم

راچڵەكین-

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر پابەندبوونی هاوڵاتیان بەمشێوەبەی ئێستا هەیە بەرێنماییە تەندروستییەكان بەردەوام بێت وە زیاتر یش بێت، بەدڵنیاییەوە لە هەفتەی داهاتوودا ئامارەكان جیاواز دەبێت و بەرەو كەمبونەوە دەڕوات وەك لەو ڕێژە تووشبونەی ئێستا هەیە.

د. هێرش سەلیم لە لێدوانێكدا بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا رایگەیاند، دۆخەكە نەلەكۆنتڕۆڵ دەرچووە و نەلەكۆنتڕۆڵیشدایە، ئێمە ئێستا لەلێوارێكداین ئەگەر هاوڵاتیان ڕێنماییەكان جێبەجێبكەن و خۆپارێزی بكەن ئەوا ناگەینە خوارەوە بۆ مەترسی گەورە، ئەوەی تێبینیشمان كردووە لەم دوو- سێ ڕۆژەی دواییدا بەرەو پێشچوونێكی باش هەیە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەسەر مەسەلەی خۆپارێزی.

سەبارەت بە هۆكاری بڵاوبوونەوەی ئەمجارەی كۆرۆنا ڤایرەس لە پارێزگای سلێمانی بەوشێوازە بەرفراوانە؟ ووتی:" لەوانەیە ئەم بابەتە فرە هۆكار بێت، فرە ڕەهەند بێت بەهۆی ئەوەی ئێمە لەدوای گەڕی یەكەم هەڵگرتنی قۆناغی قەدەغەی هاتوچۆ و ڕێكاری خۆپارێزی كە بەشێكی زۆری هاوڵاتیان تاك پارێزی (self protection)ییان جێبەجێنەكرد وە بووە هۆكاری ئەوەی كە بەڕاستی هیچ بەربەستێك نەما لە بڵاوبوونەوەی ڤایڕۆسەكە ، جگە لەوەش لەوانەیە هۆكاری تریش هەبێت كە خودی ڤایڕەسەكە خۆی بێت، واتای ئەوەی كە ئێستا ڤایڕەسەكە دەگرێت بەشێوەیەكی قورستر، لەوانەیە ژمارەی ئەو ڤایڕەسە ئەوەی كە پێی دەڵێن "ڤایڕەڵ لەود- corona viral load-ڕێژەی ڤایروس لە لەشی مرۆڤدا " زۆر زیاتر بێت لەوخەڵكانە چونكە بە حوكمی ئەوەی ئەم ڤایڕۆسە لە زۆربەی خەڵكیدا بەبێ نیشانە دەردەكەوێت، وە ئەمەش وایكردووە هەست نەكرێت كە هەڵگری ڤایڕۆسەكەیە تا ئەو كاتەی بڵاو دەبێتەوە بەناو خەڵكی تردا و خەڵكی تر تووش دەبێت."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی ڕێژەی تووشبووانی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی زیاترە؟ د.هێرش سەید سەلیم وتی: " ئامارەكان زیاتر لە سلێمانی ڕوو لە هەڵكشانە، ئێمە سنورێكی فراوانمان هەیە لەگەڵ ئێراندا، هەتا ئێستاش هاتوچۆی بازرگانی هەیە لەگەڵ ئێراندا، جگە لەوە كرانەوە بەڕووی شۆفێری بارهەڵگرەكان و یاخو خەڵكی كە لە خوارووی عێراقەوە دێن، زیاتر سلێمانی سەنتەرێكی بازرگانییە بۆ میوە و "میوەجاتە "، واتە عەلوەكانی سلێمانی بۆ هەموو عێراق دەتوانم بڵێم سەنتەرێكی گەورەیە، ئەو هاتوچۆیە زیاتر لە سنوری سلێمانییە، ئێمە زیاتر كراوەترین لە شوێنەكانی تر، ئەو حاڵەتانەش زیاتر لێرە دەردەكەون."

وتیشی:" هەوڵ دەدەین كە بتوانین كۆنتڕۆڵی هەموو ئەو دەروازە و ئەو "كون و قوژبنانە " بكەین كە دەبێتە هۆی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایڕەسەكە، بۆیە ئەمجارە لە پێنجوێنەوە دەستمان پێكرد، وە مەرزە فەرمی و نا فەرمی یەكان و بازگەكانی نێوان ئێمە و خوارووی عێراق لە كەركوك و لە گەرمیان ئەمانە وەكو سەرچاوەیەكی تووشبوون یاخود سەرهەڵدانەوەی ڤایڕەسەكە ئەژماركراوە لای ئێمە."

د.هێرش سەید سەلیم ئاماژەی بەوەكرد" ئاماری بڵاوبوونەوەی یاخود دەست نیشانكردنی ڤایڕۆسی كۆرۆنا، ئەوەی كە پەیوەست بێت بەسنوری پارێزگای سلێمانی ، ئێمە لێی بەرپرسین وەكو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی سلێمانی ، هەتا ئێمە بڵاوینەكەینەوە، هیچ ئامارێكی فەرمی نییە، هیچ ئامارێكی باوەڕپێكراو نیە."

وتیشی:" ئێمە میدیا فەرمیەكانمان ئاگاداركردۆتەوە كە وریابن لە بڵاوكردنەوەی ئامار و هەر شتێك بە ئاراستەی پێچەوانە و كاركردن لەسەر دەروونی خەڵك و مەزاجی خەڵك، وە ئەوانەشی كە میدیای نافەرمین و ئێستا داواكاری گشتی لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لێپێچینەوە و لێكۆڵینەوە لەو خەڵكانە بكات كە بەڕاستی بە ئاراستەیەكی خراپ ئیش دەكەن بەمەستی ترس و نۆقاندن یاخود بەلاڕێدا بردنی خەڵك لەو بابەتە، ئەمە ئێستا بابەتێكی گەرمە، وە داواكاری گشتی خۆی ڕێوشوێن دەگرێتەبەر سەبارەت بەو میدیایانە، لەسەر داوای ئێمە ئەو ڕێو شوێنانە دەگرێتەبەر دژی ئەو میدیایانە." 

دەربارەی بوونی كەلوپەلی پزیشكی پێویست و ئامێری هەناسەدان بۆ تووشبووانی كۆرۆنا ڤایرەس لە سلێمانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت" ئێمە لە ئێستادا ئامێری پێویستمان هەیە بۆ ئەو نەخۆشانە، لەوانەیە كەموكورتیمان لە هەندێك شتداهەبێت، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە ئامارەكان لە هەڵكشان و زۆربووندابێت، بەدڵنیاییەوە تووشی قەیرانی هەموو شتێك دەبین لە هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویست دەكات ئێمە پێشگیری لەوانە بكەین، وە هاوڵاتیانیش ئاگادار بكەینەوە، سەرو خۆشمان ئاگادار بكەینەوە لەئەگەری زیادبوون یاخود هەڵكشانێكی بەردەوام و خێرای لەوەی كە ئێستا هەیە، لەوانەیە تووشی جۆرێك لەو قەیرانانە ببینەوە كە وەكو ئەگەرێك سەیر دەكرێت، سەبارەت بە ئامێری هەناسەدان لە ئێستادا بڕی پێویستمان هەیە ، بەڵام لەوانەیە ئەمەش لە هەڵكشاندا بێت، بۆیە چاوەڕێ دەكەین كە " ئینشااللە" نەگەینە ئەو قەیرانە."

د.هێرش سەبارەت بەئەگەری ڕاگەیاندنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەڵێت " ئێمە جەخت لەسەر ڕێوشوێنەكان دەكەینەوە، ڕێوشوێن بگیرێتەبەر لەگەڵ خەڵكدا، مەسەلەی تاك پارێزی بكرێت، پێم وایە پێویست ناكات كە قەدەغەی هاتوچۆ یاخود كەرەنتینەی خەڵك ڕابگەیەنینەوە، بەڵێ دەكرێت ژیانی ئاسایی بەڕێ بكرێت و كارو كاسبی هەبێت ، هاتوچۆش هەبێت، بەڵام مەسەلەی خۆپارێزیش بەردەوام بێت."

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاند" ئێمە كار لەسەر هۆشیار كردنەوەی خەڵك دەكەین، هەموو هۆشداریەكانمان بۆ هاوڵاتیان ئەوەیە كە هەڵمەتی تاك پارێزی جێبەجێبكەن، وە ئەوەی تێبینیشمان كردووە لەم دوو- سێ ڕۆژەی دواییدا بەرەو پێشچوونێكی باش هەیە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەسەر مەسەلەی خۆپارێزی كە دەتوانم بڵێم ئەگەر بەو شێوە باشە بەردەوام بن و زیادبێت بەو شێوەیە، بەدڵنیاییەوە لە هەفتەی داهاتوودا ئامارەكان جیاواز دەبێت و بەرەو كەمبونەوە دەڕوات ژمارەی توشبووان لەوەی كە ئێستا هەیە، بۆیە ئەوە هەواڵە دڵخۆشكەرەكەیە بەڵام بەمەرجێك پابەندبوونی هاوڵاتیان لەجێی خۆیدا بێت وە بەردەوام بێت."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن