ئاگاداربه‌ و ئه‌م ده‌ربڕینانه‌ به‌ منداڵه‌كانت مه‌ڵێ

ستایل

15/02/2020     ژمارەی بینراو 1124

دایك و باوك و منداڵ

ڕاچڵه‌كین-
ساڵانە بە سەدان هەزار کەس، سەدان هەزار دۆلار سەرف دەکەن بەس بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێ لە شتێک و ئەو شتە لە ژیانیان بسڕنەوە، بەلاتەوە سەیر دەبێت ئەگەر بزانی ئەو شتە چییە:

دەنگی دایک و باوکیانه‌

بەڵێ، ئەو قسانەی تۆ ئێستا بە منداڵەکانتی دەڵێیت هەمان ئەو قسانەیە کە ئەوان لە گەورەییدا بەخۆیانی دەڵێن، واتە ڕەفتار و گوفتارەکانت دەبنە دەنگێک کە بەدرێژایی ژیانیان لەگەڵیان دەمێنێتەوە.

هەربۆیە جوانترین دیاری و یادگاری تۆی دایك و باوك بۆ منداڵەکەت ئەوەیە دەنگێکی ئه‌رێنی بیت لە ناخیدا.

⁉️"من چ ناوێکم لە منداڵەکانم ناوە و چ وەسفێکم بەسەردا دابڕیون؟"

-وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ڕەنگە زۆر شت بگۆڕێت لە تێڕوانینی ئەوان بۆ خۆیان و ئەوەی لە داهاتوودا چەندە لەگەڵ خۆیان ئاشتەوا دەبن و متمانەیان بەخۆیان دەبێت.

بۆ زۆرێک لە گەورەساڵان، چونکە بەو هەستیارییە پەرووەردەییەوە مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە، لە گەورەییدا کەم نین ئەو ساتانەی کە بەگومان دەبن لەخۆیان و دڵنیانین لەوەی ڕاستیان کردووە یان نا، ئەو شتەی وتویانە بەجێ بووە یان نابەجێ، دەبوایە وایان بوتایە یان بەجۆرێکی تر هەڵوێستیان وەربگرتایە، ئەمەش ڕێک ئەو ژاوەژاوەیە کە سازگاریی دەروون لێڵ دەکات و تەرکیز پەرت دەکات و گیانی دەستپێشخەری و داهێنانیش پەک دەخات.

تۆ کام لەم وشانە لەگەڵ مناڵەکانت بەکار دەهێنیت؟

- عیناد
- گێژ
-ئیهمال
-دڵناسک
-سەرکز
-بێحەیا
-دەمەوەر
- درۆزن
-شپرز
-دەستوپێ سپی
-بێچاوو ڕوو

ئەو ناوانەی ئێمە لێیان دەنێین، دەبێتە ئەڵقەیەک و دەچێتە گوێیان، ئیتر خۆیان بەوجۆرە دەبینن کە ئێمە نیشانمانداون، ئەو پۆشاکە لەخۆیان دەوەشێننەوە کە ئێمە بەبەریاندا بڕیومانە. تەنانەت ئەگەر لە واقعیشدا وەها نەبن، دەست دەدەنە مامەڵەکردن بەوجۆرەی کە قەناعەتەکەی ئێمە دەرهەق بەخۆیان، پشتڕاست بکەنەوە.

ترسی زۆرینەمان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە منداڵەکانمان تۆزێک گەورەبوون بەقسەمان نەکەن، بەڵام دەزانن ترسی سەرەکی حەق وایە ترس بێ لەوەی کە ئەوان باوەڕ بە قسەکانمان بکەن. ئەمە ئەو قسە بریندارکەرانەش دەگرێتەوە کە لەکاتی تووڕەیی و بێزاریشدا دێت بەسەر زارماندا و خۆیشمان لێی پەشیمانین.

وەختێك دایکێک یاخود باوکێک لەوپەڕی بێچارەیی خۆیدا دەتەقێتەوە و بە مناڵەکەی دەڵێت" ئەرێ تۆ گەمژەیت؟! ئەی بۆ وا دەکەیت؟!"

ئەم قسەیەی ئەم دایك و باوكه‌ چ کاریگەرییەک لە دەروونی ئەو منداڵەدا دروست دەکات؟

-گومانی لەخۆی بۆ دروست دەکات؛ تۆبڵێی من گەمژەبم؟ ئیتر دەکەوێتە بەدواداگەڕانی ئەو ئاماژانەی کە ئەم گومانەی دەسەلمێنن، ئەوە با لەولاوە بوەستێ کە هەڵسوکەوتەکانیشی بەگوێرەی ئەو قەناعەت و باوەڕەی ڕێکدەخات.

دایک و باوکایەتی واتە بەهەند وەرگرتنی کاریگەریی ئەو قسە و ڕەفتارەی دەیکەیت لەسەر دەروون و کەسایەتیی جگەرگۆشەکەت. هیچ دایك و باوكێك حەزناکات بەهۆی ئەمەوە منداڵەکانی ڕقیان لەخۆیان بێ یان بەگومانەوە بژین لەگەڵ خۆیان.

- ڕێگەچارە:
لەبەر هەموو ئەمانە زۆر گرنگە گرنگی بدەی بە فێربوونی تەکنیکەکانی هێوربوونەوە و زاڵبوون بەسەر تووڕەییدا، تاکو شتێک نەکەیت و نەڵێین کە زیان بە سازگاریی ڕۆحی جگەرگۆشەکەت بگەیەنێ.

هەربۆیە:

1- هەوڵبدە دەنگە نه‌رێنیه‌كانی ناخت بدۆزیتەوە. کزیان بکە و دەنگە ئه‌رێنیه‌كان بخەرە جێیان.

2- هەر کەهەستت بە تووڕەبوون کرد یەکسەر بوەستە، ئەگەر لەدەمیشت دەرچوو بوو لە نیوەیدا بیپچڕێنە.

3- بە منداڵەکەت بڵێت کە پێویستت بە بۆشاییەکە تاکو هێوربیتەوە، چونکە لەکاتی هەڵچووندا هەموو شتێک بە مەترسی دەبینیت و ناتوانی میهرەبانانە ڕەفتار بکەی.

4-دەستبکە بە هەناسەدان.

5-هەگبەی وشەسازیت فراوانبکە. کاتێکی زیاتر سەرف بکە بۆ ئەوەی بیر لە دەربڕینێکی باشتر بکەیتەوە.

بۆ نموونە:

1- لەبری ئەوەی بڵێی منداڵێکی عینادە،دەتوانیت بڵێیت لەسەر قسەی خۆی سوور و پێداگرە.

2- لەبری ئەوەی بڵێی منداڵێکی شەرمنە،دەتوانیت بڵێیت پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ هەڵسەنگاندنی دەوروبەر.

3- داوای لێبووردن بکە ئەگەر نەتوانی بەسەر خۆتدا زاڵبیت.

ئا: شیاو نەورۆڵی
ماستەر لە پەروەردەی خێزانی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن