ئۆنۆدا؛ ئەو سەربازەی نزیكەی 30 ساڵ ئامادە نەبوو خۆی بەدەستەوە بدات

هەمەڕەنگ

17/02/2020     ژمارەی بینراو 401

هێرۆ ئۆنۆدا، سەربازێكی یابانی بوو لە جەنگی دووەمی جیهانیدا

راچڵەكین-

هێرۆ ئۆنۆدا، سەربازێكی یابانی بوو لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، پلەی مولازمی سەربازی هەبوو، بە ئەركێكی هەواڵگری رەوانەی دورگەی (لۆبانجی) لە وڵاتی فلیپین، كرا. لە كاتی ناردنیدا لێپرسراوەكەی پێیووت: ((هەرگیز خۆت بە دەستەوە نەدەیت، هەرچییەك رووبدات دەگەڕێینەوە بۆ لات!؟))

كاتێك هێزەكانی هاوپەیمانان لە ساڵی (١٩٤٥)دا (فلیپین)نیان داگیركرد، (ئۆنۆدا) لەگەڵ دوو هاوڕێی تری، چوونەناو دارستانەكانی فلیپینەوە و خۆیان بەدەستەوە نەدا. پاش ماوەیەك یەكێك لە سەربازەكان خۆی رادەستی هێزەكانی هاوپەیمانان كرد و گەڕایەوە بۆ یابان. بە وڵاتەكەی وت: دوو هاوڕێی لە دارستانەكانی فلیپیندا ماونەتەوە.

هەڵمەتێكی فراوان بۆ گەڕان و پشكنین بە شوینیاندا دەستیپێكرد، دوای چەند هەوڵێك، یابان و فلیپین بێئومید بوون لەوەی ئۆنۆدا و هاوڕێكەی بە زیندوویی مابێتن، بۆیە هەوڵەكانی گەڕان بە شوێنیاندا راگیرا.

لە ساڵی (١٩٧٢)دا، دوای شەڕێك لەگەڵ هێزەكانی فلیپین، هاوڕێكەی (ئۆنۆدا) كوژرا! دیسان یابان بڕیاریدا جارێكی تر هەڵمەتی گەڕان بەشوێن (ئۆنۆدا)دا دەست پێبكاتەوە. چەندین فڕۆكە نێردران بۆ سەر دورگەكە و نامە و بڵاوكراوەیان خستەخوارەوە، تێیاندا نووسرابو: (جەنگ تەواو بووە و خۆت بەدەستەوە بدە.) بەڵام (ئۆنۆدا) بڵاوكراوەكانی بە فێڵێك دەزانی تا دەستگیری بكەن. پاشان چەند كەسێكیان لە خێزانەكەی نارد تا قەناعەتی پێبكەن و بگەڕێتەوە بۆ یابان. ئەم داوایەشی رەتكردەوە!؟

(ئۆنۆدا) لەسەر داوای لێپرسراوەكەی سوور بوو، كە نابێت هەرگیز خۆی بەدەستەوە بدات. ئەم هەڵوێستەی تا مانگی (مارسی ١٩٧٤) بەردەوام بوو، تا لێپرسراوەكەی چووە لای و فەرمانی پێكرد چەكەكەی دابنێت و خۆی بەدەستەوە بدات.. بێ مەرج فەرمانەكەی جێبەجێكرد و خۆی بەدەستەوە دا!؟

(ئۆنۆدا) بە دواهەمین سەرباز دادەنرێت كە دوای جەنگی دووەمی جیهانی خۆی بەدەستەوە دابێت. لە لایەن سەرۆكی فلیپینەوە لێبوردنی بۆ دەركرا و كۆچیكرد بۆ بەرازیل و ساڵی (١٩٨٤) گەڕایەوە بۆ یابان و ئەكادیمیایەكی تایبەتی بە (هونەركانی مانەوە) بۆ لاوان دامەزراند. تا لە تەمەنی (٩١) ساڵیدا و لە رێكەوتی (١٧ \ ١ \ ٢٠١٤)دا كۆچیدوایی كرد.

لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ یابان، (ئۆنۆدا) وتی: بیرم لە هیچ نەدەكردەوە، جگە لە جێبەجێكردنی فەرمانەكان!؟

ئا: حیكمەت مەعروف

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن