هیندستان هۆشداری بە توركیا دەدات

جیهان

17/02/2020     ژمارەی بینراو 1069

پەیوەندی هیندستان و توركیا گرژی تێدەكەوێت

راچڵەكین

لە كاردانەوەی لێدوانەكەی سەرۆكی توركیا لەبارەی هەرێمی كشمیر، حكومەتی هیندستان باڵیۆزی ئەو وڵاتە بانگهێشت دەكات و هۆشداریشیان پێدەدات كە دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی وڵاتەكەیان نەكەن.

ئەمڕۆ 17-2-2020 حكومەتی هیندستان، بانگهێشتی باڵیۆزی توركیای لە وڵاتەكەی كردو نامەیەكی توندی ئاراستەكرد لەسەر لێدوانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی هەرێمی كشمیر.
 
لەوبارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان، لێدوانەكەی ئەردۆغانی بە دەستوەردانێكی ناڕەوا لە كاروباری كشمیر وەسفكردووە، كە هیچ تێگەیشتنێكی بۆ مێژووی ململانێی نێوان هیندستان و پاكستان سەبارەت بە كێشەی كشمیر تێدا نییە، هۆشداریشی داوە كە ئەو جۆرە دەستوەردانانە، لێكەوتەی خراپی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لێدەكەوێتەوە.

رافیش كۆمار، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان رایگەیاند: هەڵوێستەكانی توركیاو سەرۆكەكەی، نموونەیەكی دیكەن لە دەستوەردانی ئەو وڵاتە لەكاروباری وڵاتاندا، كە بەهەموو شێوەیەك رەتیدەكەینەوە.

ئەردۆغان، هەفتەی رابردوو لە سەردانێكیدا بۆ پاكستان، لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا وتارێكی پێشكەشكردو وتی: بەهۆی پیادەكردنی سیاسەتی گۆڕانكاری ریشەیی لە هەرێمی كشمیر لەلایەن حكومەتی هیندستانەوە كە زۆربەی دانیشتوانەكەی موسوڵمانن، دۆخی ئەو بەشە خراپتر دەبێت، حكومەتی توركیاش هاوكاری و یارمەتی گەلی كشمیر دەكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن