ژمارەی ئاوارە نوێیەكانی سوریا لە ملیۆنێك كەس نزیك دەبێتەوە

جیهان

17/02/2020     ژمارەی بینراو 179

ئاوارەكان لە دۆخێكی ناهەمواردان

راچڵەكین

بەهۆی پێشڕەوییەكانی سوپای سوریا لە سنووری پارێزگای حەلەب و بۆردومانكردنی ناوچەكە، شەپۆلێكی دیكەی ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دەستی پێكردووەو نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئاشكرای دەكات، نزیكەی یەك ملیۆن كەس ئاوارەبوون، كە نیوەیان منداڵن.

دیڤید سوانسون، وتەبێژی نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی، رایگەیاند، بەهۆی شەڕو پێكدادانەكانی ئەمدواییەی سنووری پارێزگای حەلەب لە باكووری رۆژئاوای سوریا، زیاتر لە 875 هەزار كەس لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بەرەو سنوورەكانی توركیا هەڵاتوون.

وتیشی: تەنها لەچەند رۆژی رابردوودا، نزیكەی نیو ملیۆن منداڵ لە سوریا ئاوارەبوون، كە لە بارودۆخێكی سەخت و بەبێ هەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لەسەر سنووری توركیا دەژین.

ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی سوریا، هاوكاتە لەگەڵ پێشڕەوییەكانی سوپای ئەو وڵاتە، كە بەهاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی روسیا، ناوچەیەكی فراوانی لەسنووری هەردوو پارێزگای ئیدلب و حەلەب كۆنترۆڵكردووە، كە پێشتر لەژێر دەستی چەكدارە تیرۆریستەكانی هاوپەیمانی توركیا بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن