هیندستان.. گەورەترین سەنتەری چارەسەركردنی توشبووانی كۆرۆنا دروستدەكات

تەندروستی

03/07/2020     ژمارەی بینراو 310

راچڵەكین

لە هیندستان سەنتەرێكی تایبەت بە چارەسەركردنی توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستدەكرێت، كە رووبەرەكەی بەقەد 22 یاریگای تۆپی دەبێت و بە گەورەترین نەخۆشخانە لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.

سەنتەرەكە دەكەوێتە شاری دەلهی پایەتەختی هیندستان، كە پێشتر ناوەندێكی ئاینیی بووە و 10 هەزار قەرەوێڵە لەخۆدەگرێت، رووبەرەكەی 116 هەزار مەتر دووجا دەبێت و لەئێستادا كاركردن تێیدا بەردەوامە، بڕیاریشە لەچەند رۆژی داهاتوودا بەڕووی بەركەوتووانی ڤایرۆسەكە بكرێتەوە.

بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بۆ تەواوكردنی سەنتەرەكە، سوودیان لە 500 شەمەندەفەری لەكاركەوتوو وەرگرتووە، كە دەكرێتە شوێنی پێشوازیكردن لە نەخۆشانی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەپێی نوێترین ئاماری تەندروستی لە هیندستان، كۆی توشبووانی كۆرۆنا لەو وڵاتە، كە بەفەرمی تۆماركراون، ژمارەیان گەیشتووەتە 633 هەزار كەس، لەو ژمارەیەش 18 هەزارو 311 توشبوو گیانیان لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن