"لەگەڵ پێشمەرگە هەوڵدەدەین بۆشاییە ئەمنییەكانی نێوانیمان پڕ بكەینەوە"

کوردستان

04/07/2020     ژمارەی بینراو 168

راچڵەكین-

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، رایگەیاند، لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە هەوڵدەدەن بۆشاییە ئەمنییەكانی نێوانیان لە ناوچە جێناكۆكان پڕ بكەنەوە.

لیوا تەحسین خەفاجی، رایگەیاند:" ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە هێزە ئەمنییەكانمان ئەنجامی دەدەن، ئامانجی لێی ریشەكێشەكردنی شانە نووستووەكانی داعشە لە ناوچەكانی عێراق ئاماژە بەوەیش دەكات كە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە هەوڵدەدەن بۆشاییە ئەمنییەكانی نێوانیان لە ناوچە جێناكۆكەكان پڕ بكەنەوە."

وتیشی، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، بەهۆی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانەكانی عێراق" كە لە ماوەكانی رابردوودا لە سنووری كەركووك، باكووری دیالە و رۆژهەڵاتی سەڵاحەددین ئەنجامدراوە، ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستی داعش بەرەو ناوچەكانی باكووری بەغدا هەڵاتوون:"لە ئێستادا شاری بەغدا لە رووی سەقامگیری و ئاسایشەوە پارێزراوە، هەروەها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە هێزە ئەمنییەكانمان ئەنجامی دەدەن، ئامانجی لێی ریشەكێشەكردنی شانە نووستووەكانی داعشە لە ناوچەكانی عێراق".

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق وتیشی: "ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە كۆبووەتەوە و هەوڵدەدین بۆشاییە ئەمنییەكانی نێوانیان لە ناوچە جێناكۆكەكان پڕ بكەینەوە".

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە كە پێكھاتبوون لە ھەریەك لە سەرۆكی ئەركان، فەریق جەمال ئیمینكی و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەت سەردانی بەغدایان كرد و لە میانیدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە سەرۆكایەتی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان عەبدولئەمیر شەممەری كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ كرا لەبارەی كاراكردنەوەی لیژنەی كاری ھاوبەش و ناوەندەكانی ھەماھەنگیی ھاوبەش كە پێشتر لەنێوان ھەردوولادا ھەبوون، ھەروەھا باس لە چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە جێناكۆكەكان كراوە، بەتایبەت كە ئێستا مەترسیەكانی تیرۆریستانی داعش زیادی كردووە و ھەڕەشەی بەردەوامن لەسەر ئاسایشی ناوچەكانی ماددەی ١٤٠.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن