شاندی دانووستانكاری هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا

کوردستان

04/07/2020     ژمارەی بینراو 421

راچڵەكین-

شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستانەكانیان لەگەڵ بەغدا بڕیارە جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بەغدا و دەست بە كۆبوونەوەكان بكەنەوە.

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كورردستان كەلەهەمان كاتدا ئەندامی شاندەكەی هەرێمە، رایگەیاند: "ئێمە نییەتی رێككەوتنمان هەیە و دەمانەوێت لەگەڵ بەغدا بگەینە رێككەوتنی كۆتایی و ئەو كێشانەی لەنێوانماندا بە چارەسەر نەكراوی هەڵپەسێردراون، چارەسەر بكرێن".

وتیشی: "لە دانوستانەكانمان بەردەوام دەبین تاوەكو دەگەینە رێككەوتنی كۆتایی".

لەكۆبوونەوەی رۆژی ١ی تەمووزی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دراوە كە ناوەراستی ئەم هەفتەیە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگەڕێنەوە بەغدا بەڵام  د.دارا رەشید ئەمەی پشتراست نەكردەوە و تەنیا وتی "بەم زووانە شاندەكەمان دەگەڕێینەوە بەغدا بەڵام دیارنییە چ رۆژێك".

رۆژی ٢٥ی حوزەیران شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان دوای ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوە لە بەغدا گەڕانەوە هەولێر.

لای خۆیەوە، سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە:" شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان، زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی دیپلۆماتی لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی بەتایبەت یەكێتی ئەورووپا و ئەمریكا سازكردووە بە مەبەستی روونكردنەوەی دۆخی دانووستانەكان و هەڵوێستی هەرێم لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەتایبەت پرسی شایستە داراییەكانی ھە‌رێم و بەردەوامی گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرال.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش رۆژی ١ی تەمووز دوای كۆبوونەوەیان لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكانی بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك لەگەڵ حكوومەتی فیدرال كە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا پارێزراو بێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن