گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ چییە؟

تەندروستی

05/07/2020     ژمارەی بینراو 1121

ئەژنۆ

ڕاچڵه‌كین-

جۆرێکە لە نەشتەرگەری جومگەی ئەژنۆ، کە تیایدا بەشی خوارەوەی ئێسکی ڕان و بەشی سەرەوەی ئێسکی قاچ دەگۆڕدرێت بۆ پلاتین و جۆرێک لە ماددەی پلاستیک لە نێوانیان دادەنرێت بە مەبەستی دروستکردنی جومگەیەکی دەستکرد. هەندێک جار پێویستی بە گۆڕینی کڵاوەی ئەژنۆش دەبێت، دكتۆر دێده‌وان پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و شکان له‌م بابه‌ته‌دا ڕونكردنه‌وه‌ی‌ ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه‌ باس ده‌كات.

بۆچی گۆرینی جومگەی ئەژنۆ ئەنجام دەدرێت؟

لە ئەنجامی داخوران و تێکشکانی ناوپۆشە کڕکڕاگەییەکەی جومگەی ئەژنۆ بەهۆکاری کۆمەڵێک نەخۆشی وەکو سەوەفان ، ڕۆماتیزم، ماکەکانی پاش شکانی جومگە ، نەخۆشی پاشاکان لە ئەژنۆ.....هتد.

چوار جۆر جومگەی دەستکرد هەیە ، هەڵبژاردنی جۆرێکیان بۆ نەشتەرگەری دەکەوێتە سەر ساغی و دروستی بەستەرەکانی چواردەوری ئەژنۆ.

چ کاتێک گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ ئەنجام دەدرێت؟

ئەم نەشتەرگەرییە بۆ بەتەمەنەکان ئەنجام دەدرێت وکاتێک نەخۆش توشی ئازارێکی زۆری جومگەی دەبێت و هەموو ڕێگەچارەکانی بێ نەشتەرگەری تاقیدەکرێتەوە و ئەنجامی نابێت. وە کاتێک نەخۆش لە بەر ئازار شەوانە خەوی لێنەکەوێت و ئازارەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر چاڵاکی و ژیانی ڕۆژانەی دانابێت.

ئامادە کردنی نەخۆش بۆ نەشتەرگەری:

-پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆر هەموو پشکنینەکانی پێش نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت بە تایبەتی کۆنترۆڵ کردنی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی پێش نەشتەرگەری لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی هەناو.

-پێویستە پێش نەشتەرگەریەکە نەخۆش کێشی خۆی دابەزێنێت ئەگەر کێشی زۆر بێت،چونکە ڕێژەی سەرکەوتنی نەشتەرگەریەکە زیاتر دەبێت.

-پێویستە نەخۆش هیچ هەوکردنێکی بەکتریایی نەبێت پێش نەشتەرگەری بەتایبەتی هەوکردنی ددان و میزڵدان.

- پێویستە جۆری نەشتەرگەری و ڕێژەی سەرکەوتنی و ماکەکانی نەشتەرگەری و ڕێنماییەکانی پاش نەشتەرگەری بە تەواوی بۆ نەخۆش ڕوون بکرێتەوە.

ئەم نەشتەرگەرییە ڕێژەی سەرکەوتنی چەندە؟

بەشێوەیەکی گشتی دەتوانێن بڵێین لە ٨٥% ئازارەکەی کەم دەبێتەوە پاش نەشتەرگەری، بەڵام بە گوێرەی توێژینەوەیەکان ڕێژەی نوشتانەوەی جومگەی بەشێوەیەکی گشتی وەکوو پێش نەشتەرگەری دەبێت.

چارەسەری پاش نەشتەرگەری؟

نەخۆش پێویستی بە دەرمانی دژە ئازار و دژە هەوکردن و دژە خوێن مەیین دەبێت بۆ کاتێکی دیاریکراو.

لە ڕۆژی یەکەمی پاش نەشتەرگەری نەخۆش دەتوانێ لە سەری بڕوات بە بەکارھێنانی دارشەقرەی چوار پێ، دەبێ ڕاهێنانی وەرزشی بەشێوەیەکی ڕێک و پێک ئەنجام بدات پاش نەشتەرگەری، لە ماوەی شەش هەفتە تا دوازدە هەفتە بە باشی چاک دەبێتەوە.

ماکەکانی ئەم نەشتەرگەرییە چین؟

وەکو هەر نەشتەرگەریەکی تر بریتییە لە ماکەکانی وەرگرتنی بەنج و ماکەکانی ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکە.
بەشێک لە ماکە باوەکانی ئەم نەشتەرگەرییە ئەمانەن:

1- هەوکردنی بەکتریایی:بە شێوەیەکی گشتی ڕێژەی ڕوودانی کەمە بە ڕێژەی ١ % . ئەمە یەکێکە لە ماکە خراپەکانی ئەم نەشتەرگەرییە، ئەگەر ڕووبدات پێویستی بە چارەسەری تایبەت دەبێت کە لەوانەیە ببێتە هۆی دەرهێنانی پلاتینەکان تاوەکو چاک بێتەوە. بۆیە لە کاتی نەشتەرگەری و دوای نەشتەرگەری دەرمانی دژە هەوکردنی بەکتریایی بە نەخۆش دەدرێت بۆ دووربوون لەم ماکە، وە کۆنترۆڵ نەکردنی شەکرە بە هۆکارێکی تری ئەم ماکە دادەنرێت.

2- بە تێپەڕبوونی کات لە ماوەی( ١٥-٢٠ ) ساڵ لەوانەیە پلاتین و پلاستیکەکە بخورێت لە ئێسکەکانی ببێتەوە. بەڵام تەمەنی جومگەی دەستکرد لە نەخۆشی قەڵەو لەوانەیە کەم بێتەوە بۆ کەمتر لە (١٠) ساڵ لە ئەنجامی هەبوونی قورسایی زۆر لە سەر جومگە دەستکردەکە.

3-مەیینی خوین لە خوێنهێنەرەکانی قاچ و ڕان لە ئەنجامی نەجولانی نەخۆش دوای نەشتەرگەری. بۆیە دەرمانی دژە مەیین دوای نەشتەرگەری بەکاردێت و نەخۆش هاندەدرێت راستەوخۆ دوای نەشتەرگەری دەست بە جولە و ڕۆیشتن بکات.

4- جاری وا هەیە نەخۆش بەشێک لە ئازاری هەر دەمێنی دوای نەشتەرگەری.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن