ئیبرا و هاوڕێكانی شكستیان بەخانمە پیرەكە هێنا

وەرزش

08/07/2020     ژمارەی بینراو 281

راچڵەكین-

یانەی یوڤێنتوس لە هەفتەی ٣١ی خولی یانە پلە یەكەكانی ئیتاڵیادا بە ئەنجامی ٤-٢ بەرامبەر یانەی ئەی سی میلان شكستی هێنا.

لە یاریگای سان سیرۆ-ی شاری میلانۆی ئیتاڵیا یانەی ئەی سی میلان میوانداری یانەی یوڤێنتوس-ی كرد، نیوەی یەكەمی یارییەكە بەبێ تۆماركردنی گۆڵ كۆتایی هات، بەڵام لە دەستپێكی نیوەی دووەم و لە خولەكی ٤٧ دا، یاریزانی یانەی یوڤێنتوس، ئەیدریەن رۆبیۆت یەكەم گۆڵی بۆ یانەكەی تۆمار كرد.

دوای ئەویش ئەستێرەی پورتوگالی، كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولەكی ٥٣دا، گۆڵی دووەمی بۆ هەمان یانە تۆمار كرد.

لە خولەكی ٦٢دا، یاریزانی یانەی ئەی سی میلان، زێلاتان ئیبراهیمۆڤیچ گۆڵی یەكەمی بۆ یانەكەی تۆمار كرد و ئەنجامەكەی بوو بە ٢-١، یاریزانی هەمان یانە فڕانك كێسی گۆڵی دووەمی تۆمار كرد و ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە.

دوای تەنها یەك خولەك یاریزان رافائێل لێیۆ گۆڵی سێیەمەی بۆ یانەی  ئەی سی میلان تۆمار كرد.

لە خولەكی ٨٠دا یاریزان ئێنتی رابیج گۆڵی چوارەم و كۆتایی بۆ یانەی ئەی سی میلان تۆمار كرد و یارییەكە بە ئەنجامی ٤-٢ لە بەرژەوەنی یانەكەی كۆتایی هات.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسیی كۆرۆناوە، یانەی ئەی سی میلان لە كۆی پێنج یاری چواریانی بردووەتەوە، بە ئەنجامی ٤-٢ی ئەم یارییەش خاڵەكانی بۆ ٤٩ خاڵ بەرزبووە و گەیشتە ریزبەندی پێنجەمی یانە پلەیەكەكانی ئیتاڵیا.

لە بەرامبەردا یانەی یوڤێنتوس بەردەوامە لە پاراستنی ریزبەندی یەكەمی یانە پلە یەكەكانی ئیتاڵیا و سەرەڕای شكستی لەم یارییەدا، بەڵام تا ئێستا ٧٩ خاڵی تۆمار كردوە.

شكستهێنانی یانەی یوڤێنتوس بەرامبەر یانەی ئەی سی میلان بووە چوارەم شكستی ئەو یانەیە لە خولی یانە پلە یەكەكانی ئیتاڵیا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن