وەزارەتی كارەبا هەواڵێكی خۆش لەبارەی پێدانی كارەبا رادەگەیەنێت

کوردستان

08/07/2020     ژمارەی بینراو 595

راچڵەكین

وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەم مانگەدا بەرهەمهێنانی كارەبامان زیادكردو لە هەفتەی داهاتووش 150 مێگاوات كارەبای دیكە زیاد دەكەین.

ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای هەرێم، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی، ئاماژەی بە زیادبوونی بەرهەمهێنانی كارەبا كرد كە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست، توانیویانە پارێزگاریی لەپێدانی 16 كاتكۆ كارەبا لە رۆژێكدا بكەن، ئەمەش بە پشتبەستن بە بەردانەوەی 275 مەتری موكەعەب لە چركەیەكدا لەهەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان.

وەزیری كارەبا رایگەیاندووە، بە بەردانەوەی ئەو ئاستە لە ئاوی هەردوو بەنداوەكە، ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەنداوی دوكان لە 120 مێگاوات بۆ 200 مێگاوات زیادیكردووە، لە دەربەندیخانیش لە 70 مێگاوات بۆ 90 مێگاوات كارەبا زیادبوو.

كەمال محەمەد ساڵح باسی لەوەشكردووە، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا لەوێستگەی خەبات، 150 مێگاواتی دیكەی كارەبا زیاد بكەین.

سەبارەت بە پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان، وەزیری كارەبا دڵنیایی بە هاوڵاتیاندا كە لەم وەرزی گەرمایە، پێدانی كارەبای نیشتمانی لە شەوو رۆژێكدا لە 17 كاتكۆ كەمتر نابێت.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن