ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێك لەبارەی سیستمی بایۆمەتری دەدات

کوردستان

08/07/2020     ژمارەی بینراو 340

راچڵەكین

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری پەسەندكردو راسپاردەشی دەركرد بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو جوتیارانەی كە خاوەنی گرێبەستی كشتوكاڵین و مافی یاسایی قەرەبووكردنەوەیان لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە پشتڕاستكراوەتەوە.

ئەمڕۆ 8-7-2020، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی ئەنجومەنی وەزیران، لە دەستپێكی كۆبوونەكەدا ، جێگری سەرۆك وەزیران راپۆرتێكی دەربارەی پڕۆگرامیی بایۆمەتری خستەڕوو، كە تیایدا بە زانیاریی و وردەكارییەوە باسی قۆناغەكانی سیستەمەكە و ئامانج و دەرەنجامەكانی سیستەمی بایۆمێتری كرد كە پڕۆژەیەكی گشتگیر و فراوانترە لەوەی تەنیا داتابەیسێك بێت بۆ تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆران. 

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دەستپێكردنی قۆناخی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری پەسەندكرد بە ئاراستەی بەرجەستەكردنی حكومەتی ئەلیكترۆنی بە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای زانیاریی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی حكومەت و فراوانكردنی پڕۆگرامەكە تا بوارەكانی دیكەش بگرێتەوە و ببێتە یارمەتیدەرێكی سەرەكی بۆ جێبەجێكردنی كردارەكی چاكسازی و بە ئەلیكترۆنیكردنی دامودەزگاكانی حكومەت و هێنانەكایەی شێوازێكی نوێی چالاك بۆ حكومەت و حوكمڕانی درووست.  

لەبەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكە هاتووە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە كەرتی كشتوكاڵی خستەڕوو، لەوانە ڕێكخستنەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان، كە بە جۆرێك بخرێتەوە خزمەتی گەشەپێدانی كشتوكاڵ و ڕێگە گرتن لە تەرخانكردن وبەكارهێنانی زەوی كشتوكاڵی بۆ مەبەستی ناكشتوكاڵی.

لە تەوەرێكی دیكەشدا پلانی وەزارەتەكەی بۆ پەرەپێدانی نەمامگەكانی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری خستەڕوو لە ڕێگای پڕۆژەی هاوبەشی كشتوكاڵی لەگەڵ كەرتی تایبەت وەك سەرچاوەیەكی نوێی داهات و برەودان بەو نەمامگایانە،  ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بە كۆی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندكردنی راسپاردەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەو بوارانەدا. 

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی (كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، داد)ی ڕاسپارد بۆ پەلەكردن لە ڕاییكردنی قەرەبووی ئەو جووتیارانەی كە خاوەنی گرێبەستی كشتوكاڵین و مافی یاسایی قەرەبووكردنەوەیان لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە پشتڕاستكراوەتەوە لە بەر ڕۆشنایی یاسا كارپێكراوەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن