ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی پرۆژە بڕیارێكی رووسیای لەبارەی سووریا رەتكردەوە

جیهان

09/07/2020     ژمارەی بینراو 271

راچڵەكین-

 پرۆژە بڕیارێكی رووسیا بۆ رەوانەكردنی هاوكاری نێودەوڵەتیی بۆ سووریا بۆ شەش مانگ و تەنها لە یەك دەروازەی سنوورییەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە رەتكرایەوە.

رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نوێكردنەوەی میكانیزمی هاوكاری مرۆیی بۆ سووریا لەڕێگەی دوو دەروازەی سنووریی لە توركیاوە كە ١٠ی تەمووز ماوەكەی تەواو دەبێت، ڤیتۆ كردەوە و پرۆژە بڕیارێكی پێشكەش بە ئەنجوومەنەكە كرد.

پرۆژە بڕیارەكەی رووسیا كە پێشنیازی ناردنی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكانی دەكرد لە توركیاوە بۆ سووریا لەڕێگەی دەروازەی سنووری بابولهەواوە بۆ ماوەی شەش مانگ، لەبەرئەوەی لە ئەنجوومەنەكەدا نۆ دەنگی نەهێنا رەتكرایەوە.

لە كاتێكدا ئەمریكا، فەڕەنسا، بەریتانیا، بەلجیكا، ئیستۆنیا و كۆماری دۆمینیكان دژی بڕیارەكە بوون، هەریەك لە تونس، نیجەر، ئیندۆنێزیا و سانت فینسنت دەنگیان پێ نەدا و رووسیا، چین، ڤیێتنام و كۆماری باشووری ئەفریقا پشتیوانیان لە پرۆژە بڕیارەكە كرد.

لەژێر رۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییدا، تەنها لەڕێگەی دوو دەروازەی سنووریی لە توركیاوە لە بابوسەلامە كە دەكەوێتە بەرامبەر دەروازەی سنووریی ئۆنجوپناری توركیا، لەگەڵ بابولهەوا كە دەكەوێتە بەرامبەر جیلڤەگۆزو هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان دەگەیەندرێت بە سووریا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن