لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان و وەزیرانی كشتوكاڵ و بازرگانیی لە كۆبوونەوەدان

کوردستان

09/07/2020     ژمارەی بینراو 168

راچڵەكین-

لەسەر بانگهێشتی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان، هەریەكە لە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەبوون.

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ كێشە و گرفتەكانی جووتیاران، لەسەر بانگهێشتی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان، هەریەكە لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و، كەمال موسلم وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی، لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەبوون.

تەوەری كۆبوونەوەكە بریتییە لە تاوتوێكردنی گیروگرفتی جووتیاران و بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانیان بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەكانیان، جووتیاران چەند جارێك ناڕەزاییەتیان دەربڕیووە.

 پێشتر عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاندبوو "كۆبوونەویەكی هاوبەش دەكەین بۆ ئەوەی رێگەچارەیەك بدۆزینەوە كە جووتیاری ئێمە چیدی زەرەر نەكات". 

راشیگەیاندبوو "كۆمەڵێك رێكار هەیە كە دەبێت بگیرێنە بەر، ئێمە وەك لیژنەی كشتوكاڵ كۆمەڵێك پێشنیاز و رێگاچارەمان ئامادە كردووە لەو كۆبوونەوەیە دەیخەینە بەردەستی هەردوو وەزیر".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن