تەندروستی سلێمانی لەبارەی دۆخی شارەكە بەرامبەر كۆرۆنا زانیاری دەخاتەڕوو

کوردستان

09/07/2020     ژمارەی بینراو 520

راچڵەكین-

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی, رایدەگەیەنێت، ئێستا لە پارێزگاكە تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئاستێكدا وەستاون، دەشڵێت:" زۆربەی ئەو نەخۆشانەی دێنە نەخۆشخانە بە حاڵەتی توندەوە دێن و باری تەندروستییان ناجێگیرە"

هێرش سەید سەلیم، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩-٧-٢٠٢٠، لە لێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" ئێستا لە پارێزگای سلێمانی رێژەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ئاستێكی جێگیردایە نەزیاد دەكات نەكەم، بەڵام زۆربەی ئەو نەخۆشانەی دێنە نەخۆشخانە بە حاڵەتی توندەوە دێن و باری تەندروستییان ناجێگیرە، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا پابەندبوونی هاووڵاتییان هەبێت، پێشبینی دەكەین حاڵەتەكان داببەزن".

سەبارەت بە رانەگەیاندنی ژمارەی تووشبووەكان ئاماژەی بەوەكرد:" ئەوان سەرقاڵی كۆكردنەوەی ئامارەكانن، لەبەرئەوەی هاووڵاتیان لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن دەبێت پەیوەندی بەو هەموو خەڵكەوە بكەن، یاخود بەشێك لە تووشبووان كە چاكبوونەتەوە نەهاتوونەتەوە پشكنین ئەنجامبدەن، بۆیە ئامارەكان راناگەیەنین". 

سەبارەت بە خەرجكردنی ئەو دوو ملیار دینارەی كە لەلایەن سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانكرد، راشیگەیاند:" ئەو بڕە پارەیە دابینكراوەو بۆ كەرتی تەندروستی سلێمانی خەرجدەكرێت".

سەبارەت بەو چارەسەرەی كە بڕیارە لە رووسیاوە بۆ عێراق بنێردرێت و لەوێشەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەشڵێت:" تاكو ئێستا ئەو چارەسەرە نەهاتووە، كۆمپانیای ئاوا میدیكا مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ دروستكردنی و دەستیان كردووە بۆ دروستكردنی، ئیتر ئەوە بۆ هەموو عێراق دەبێت و لەوێشەوە بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراقی دەنێرێت".

بە پێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، لەئێستادا لە هەرێم  هەشت هەزار و  ٤٢٨ هاووڵاتی تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و  هەشت كەس چاكبوونەتەوە و  ٢٨٢ كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن