ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

19/02/2020     ژمارەی بینراو 1514


راچڵەكین-

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەبەرامبەر ئەو هێرشەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كرایە سەر گوندی چەخماخە لەسنووری پارێزگای كەركوك راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە توندی ئیدانەی پەلاماری "تیرۆریستان" دەكات بۆ سەر گوندی چەخماخەی سەر بەقەزای دووبز لە پارێزگای كەركوك. كە بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی سیڤڵ شەهیدبوون و دوو هاووڵاتی دیكەش برینداربوون.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە:"ئێمە لە كاتێكدا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری شەھید و قوربانییەكان دەكەین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین. تەئكید دەكەینەوە پێویستە هەرچی زووە كاری جددی بكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و  پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەھۆی  نەبوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە  دروست بووە و بۆتە هۆی مەترسیی بۆ سەر گیان و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان. "

"پێویستە حكومەتی فیدرال بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و رەسمی سەرشانی خۆی بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەكە جێبەجێبكات كە بەهۆی ناكارایی ئیدارەی پارێزگاكە و نەگونجانی لەگەڵ ئیرادەی فرە رەنگی دانیشتوانییدا دروست بووە."

"پێویستە هەنگاوی جددی و پێویست بنرێت بۆ رێكەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لە مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عێراق. "
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە:"ھێزی پێشمەرگە لە نەبەردی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ، بەكردەوە و بە خوێن خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی لەھەموو نەتەوەكان پاراستووە، ئێستاش دەتوانێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ ھێزە ئیتحادییەكان ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بكاتەوە تاوەكو بەھەموو لایەك رێ لە پشێوی ئەمنی و تەرھیب و تەعریب بگیرێت."

"ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی ھەروەھا  نوێنەرانی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران و تێكڕای نوێنەرانی كەركوك لە  ھەموو ئاراستە و پێكھاتەكان كە بەدەنگ و متمانەی خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان ھەڵبژێرداون ھان دەدا و رایان دەسپێرێ ھەموو توانای خۆیان لە پێناوی گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بخەنەگەڕ و بیكەنە ئەولەویەتی كارەكانیان كە ئێمە لەو ھیمەتەیان دڵیاین و لە پاڵپشتی گەرم و دەستوبردی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، لەھەموو ئاستەكان، دڵنیایان دەكەینەوە."

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:"ھەماھەنگی حكومەتی ئیتحادی ،  كە ئێستا زیاتر سەرقاڵی دۆخی بەغدایە، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی كوردستان   باشترین چارەسەرە بۆ رێگە گرتن لە دزەكردنی تیرۆریستان."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن