كار بۆ بەگەڕخستنەوەی كارگە داخراوەكان دەكرێت

ئابوری

19/02/2020     ژمارەی بینراو 303

راچڵەكین-

وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی ھەیە ئەو كارگانەی لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە داخراون، جارێكی تر بەگەڕ بخرێنەوە.

سەردار قوربانی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "وەزارەتی پیشەسازی كار بۆ ڕەخساندنی ھەلیكار دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش ھەوڵ دەدرێت ئەو كارگانەی پێشتر داخراون و كار ناكەن، دووبارە دەست بە كاركردن بكەنەوە. "

وەزیری پیشەسازی  لەگەل نوێنەری كارگە داخراوەكان كۆبووەتەوە و پلان ھەیە بۆ بەكارخستنەوەی كارگەكان، خاوەنكارگەكان ھەندێ داواكارییان ھەیە، لەوانەش پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە ناوچە پیشەسازییەكان و كەمكردنەوەی نرخی كارەبا."

بەرپرسەكەی وەزارەتی پیشەسازی وتیشی: "لە ھەرێمی كوردستان سێھەزار و ٧١٤ كارگە مۆڵەتیان لەلایەن حكوومەتەوە ھەیە، ئێستا بەداخەوە نزیكەی دووھەزار و ٢٧٠ كارگە كار ناكەن، ئەوەش دەكاتە نیوەی زیاتری ڕێژەی كارگەكان."

سەردار قوربانی جەختی كردەوە: "بێگومان ھەموو كارگەكان كە پێشتر دامەزراون لەسەر بنەمایەكی ئابووری بووە، كارنەكردنیان كاریگەریی كردووەتە سەر ئابووریی ھەرێمی كوردستان، خەڵكێك بێكار ماوە، دوای داخستنی ئەو كارگانە، بەرھەمی ناوخۆ كەمی كردووە و چەندین كاریگەریی دیكەی ھەبووە، بەڵام ئێستا وەزارەت كار بۆ ئەوە دەكات كە ئاسانكاری بۆ خاوەنی كارگە داخراوەكان بكات، تا دەست بەكار بكەنەوە." وەك ماڵپەری فەرمی پارتی بڵاویكردووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن