دارا ڕەشید: 180 ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی سلێمانی تەرخانكراوە

کوردستان

19/02/2020     ژمارەی بینراو 291

د.دارا رەشید

راچڵەكین-

وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە ساڵی 2020 دا بڕی 180 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی سلێمانی تەرخانكراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19-2-2020  ،د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگای سلێمانی كردو لەدیوانی پارێزگا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی كۆبوەوە. 

دوای كۆبوونەوەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكخرا و تیایدا وەزیری پلاندانان و پارێزگاری سلێمانی ئامانجی سەردانەكە و پلانی وەزارەت و حكوومەتی هەرێمیان بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن خستەڕوو. 

د.دارا رەشید، ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان وەك وەزارەتی پلاندانان پێشنیازیان كردووە كە لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكاندا دەسەڵاتی تەواو بدرێت بە پارێزگارەكان بەتایبەت پارێزگاری سلێمانی تاكو سەربەستانە بتوانن مامەڵە بكەن بەو بەشە بوودجەیەوە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان و وتی: "سەبارەت بە بوودجەی وەزارەتەكانیش ئێمە لە ساڵی ٢٠١٩، نزیكەی ٣٣ ملیار دینارمان بۆ شاری سلێمانی تەرخانكردووە و لەئێستاشدا بۆ ٢٠٢٠ بڕیارمان داوە لە ١٨٠ ملیار دینار كەمتر تەرخان نەكرێت بۆ پارێزگای سلێمانی كە لەپێشینە بۆ پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری، بەنداوەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، پڕۆژەكانی رێگاوبانی 'دوكان-چوارقوڕنە'، 'وارماوا-دەربەندیخان'، 'سەیدسادق-پێنجوێن' و پڕۆژەی بەنداوەكان و هێڵی ئاوی دوكان-سلێمانی و دەربەندیخان و تەواوكردنی بینای خوێندنگاكان دەبێت."

 د.دارا رەشید،ئاماژەی بەوەدا كە بڕیارە لەماوەی كەمتر لە سێ ساڵدا پرۆژەی دروستكردنی بەشێك لە شەقامی ١٠٠ مەترسی سلێمانی كە لە تاسڵوجەوە بۆ دەروازەی عەربەت دەبێت، تەواو بكرێت. 

وەزیری پلاندانان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دارا رەشید سەبارەت بە ئاماری رێژەی هەژاری لە پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا كە لەم ماوەیەی پێشوودا، لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی ناوەندییەوە راگەیەندراو، ئاماژەی بەوەدا كە مایەی خۆشحاڵییە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم رێژەی هەژاری لە كەمترین ئاستدایە و لەوانە لە پارێزگای سلێمانی كەمترین ئاستی تۆمار كردووە لە هەموو عێراقدا. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن